پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

حەلبووسی هۆشداری لە دەستپێکردنەوەی خۆپێشاندانەکان دەدات

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هۆشداری لە دەستپێکردنەوەی خۆپێشاندانەکان لە عێراق و ناوچەکە دەدات. هاوکات بەدووریشی نازانێت تیرۆر بە بەرگی نوێ و رەنگی جیاواز بگەڕێتەوە، کە لەسەرووی هەموو پێشبینییەکانەوە بێت. 

رۆژی پێنجشەممە 17-11-2022، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە زانکۆی ئەمریکی کوردستان لە دهۆک راگەیاند، “کەشی ئازادی رادەبڕین و خواستی کۆمەڵگەکان بۆ ژیانێکی باشتر، وادەکات ئەگەری دەستپێکردنەوەی خۆپێشاندانەکان لە عێراق و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەگەرێکی زۆر بێت. پێویستە حکومەت و وڵاتان دەستپێشخەر و رێکاری پێشوەخت بگرنەبەر، بەمەبەستی باشترکردنی دۆخی بژێویی گەلانیان”.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هۆشداریدا و رایگەیاند: “ئەوەی روودەدات لە هەندێک لە کەرتەکانی هزر و هونەر و رۆشنبیری و میدیا پاشەکشەیەکی مەترسیدارە، مەترسی زۆری لێدەکرێت لەسەر حیسابی زیرەکی و مەعریفە و شایستە و پسپۆری زانستی”.

هەروەها محەممەد حەلبووسی هۆشداری لە سەرهەڵدانەوەی شەڕی تیرۆر دا و گوتی: “دروست نییە واتێبگەین و بڵێین تیرۆرمان بەتەواوی لەنێو بردووە. تیرۆر ئێستا لە خۆڕێکخستنەوەیە. دوورنییە تیرۆر بە بەرگی نوێ و رەنگی جیاواز بگەڕێتەوە، بەشێوە و میکانزمێک کە لەسەرووی پێشبینییەکان بێت”.

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای لە دامودەزگا ئەمنییەکان کرد زۆر بەباشی لەوە بکۆڵنەوە و لێکۆڵینەوە و پێشنیازی هۆشمەند و هۆشیارانەی کردەیی پێشکێش بکەن.

لە دوای ساڵی 2003ەوە عێراق بە دەست شەڕی تیرۆرەوە دەناڵێنێت، شەڕی تیرۆر لە عێراق گەیشتە لووتکە، کاتێک رێکخراوی داعش لە حوزەیرانی 2014 پەلاماری شارەکانی موسڵ و ئەنبار و تکریت و چەند ناوچەیەکی دیکەی دا.