پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

محەمەد حەلبووسی: پێویستیمان بە دیپلۆماسیەتێکی هۆشیارانەیە

محەمەد حەلبووسی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ ئاماژەدان بە گۆڕانکارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و پێگەی گرنگی ستراتیژی و جیۆسیاسی عێراق، گوتی: پێویستیمان بە دیپلۆماسیەتێکی هۆشیارانەیە بۆ رووبەڕووبوونەوی ئالنگارییەکان.

ئەمڕۆ (پێنجشەممە 17ـی تشرینی دووەم) سێیەم رۆژی کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی ئەمەریکی -کوردستان لە دهۆک بەڕێوەچوو. لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و محەمەد حەلبووسی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هەر کامەیان بە جیا گوتاریان پێشکەشکرد.

حەلبووسی لە گوتارەکەیدا، باسی لە گۆڕانکارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و پرسە ئابووری و سیاسییەکان کرد.

ئەو گوتی: بە هۆی پێگەی ستراتیژی و جیۆسیاسیانەی عێراق، بەردەوام رووبەڕووی گوشاری نێودەوڵەتی هەمەجۆر بووینەتەوە و هەمیشە لە مامەڵەکردن لەگەڵ دەوڵەتە گەورەکاندا بووە، هەر بۆیە پێویستیمان بە دیپلۆماسییەکی هۆشیارانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئالنگارییەکان هەیە و دەبێت هەوڵبدەین بە زووترین کات لەو بەربەستانە رزگارمان بێت.

سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە پێویستی دەزانێت گرنگی بە ئازادی رادەربڕین بدرێت، کۆمەڵگە لەناو پرۆسەدا بەشداری پێبکرێت و باردودۆخی ژیانی هاووڵاتیان باشتر بکرێت، “چونکە ئەگەر ئەمانە نەکرێن، خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی هەرهەڵدەداتەوە. پێویستە حکومەت و دەسەڵاتە خۆجێیەکان تەواوی هەوڵی خۆیان بدەن بۆ ئەوەی ئاستی ژیانی خەڵک بەرزبکرێتەوە.

حەلبووسی لەگەڵ ئاماژەدان بەوەی، ئاسایش و ئابووری، دوو بنەمای سەرەکین بۆ پێشکەوتن و پەیوەندی دراوسێیەتی لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی، گوتی: دەبێت ژینگەیەک بۆ کاری هاوبەش پێکبێنین.