چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی عێراق ده‌ستیله‌كاركێشایه‌وه‌

سه‌رۆكی دسته‌ی ده‌ستپاكی عێراق نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی پێشكه‌شی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق كرد و ناوبراو نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی قبووڵكرد، هه‌ر ئه‌مڕۆ حه‌یده‌ر حه‌نوون وه‌كو شوێنگره‌وه‌ی ده‌ستنیشانكرا.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 13ـی تشرینی دووه‌می 2022، ناوه‌ندی راگه‌یاندنی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرای كرد، دادوه‌ر عه‌لا سه‌عدی، سه‌رۆكی دسته‌ی ده‌ستپاكی عێراق نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی پێشكه‌شی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق كردووه‌ و سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراقیش ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی قبووڵكردووه‌.

له‌ دوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی دادوه‌ر عه‌لا سه‌عدی، هه‌ر ئه‌مڕۆ حه‌یده‌ر حه‌نوون، وه‌كو سه‌رۆكی نوێی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی عێراق ده‌ستنیشانكرا.

له‌ نامه‌كه‌یدا، دادوه‌ر عه‌لا سه‌عدی بۆ سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراقی نووسیوه‌: وازهێنانم له‌م پۆسته‌ به‌مانای رزگاربوونمه‌ له‌و به‌رپرسیاره‌تییانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر شانمن و پڕن له‌ مه‌ترسی، سه‌ختی و كێشه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند لایه‌نێكی نێو ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكار و ئه‌و فراكسیۆنانه‌دا كه‌ پشتگیری له‌ ئه‌ندامه‌كانیان ده‌كه‌ن له‌نێو ده‌سه‌ڵاتی یاساداناندا. له‌ نامه‌كه‌یدا، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی عێراق باسی له‌و ره‌خنانه‌ كردووه‌ كه‌ رۆژانه‌ له‌لایه‌ن چه‌ند ده‌زگاكه‌یه‌كی میدیاییه‌وه‌ ئاراسته‌ی ده‌كرێن و ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌دات، ژماره‌یه‌ك ده‌زگای میدیایی كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسییانه‌وه‌ پشتگیری ده‌كرێن كه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن به‌ره‌یه‌كی یه‌كگرتووی هاوبۆچوون له‌ دژی هه‌وڵه‌كان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و ئه‌نجامدانی چاكسازی پێكبهێنن، رۆژانه‌ ره‌خنه‌ له‌و و ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی عێراق ده‌گرن.

سه‌باره‌ت به‌ هۆكاری ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی، سه‌عدی به‌ محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراقی گوتووه‌: له‌ ره‌وانگه‌ی ئه‌و به‌رپرسیاریه‌تییه‌ نیشتمانییه‌ی پێمان سپێرداروه‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام له‌سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات نه‌بین، خۆمان پێوه‌ی نه‌لكێنین و ده‌ستپاكبین تێیدا و به‌هۆی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ به‌رده‌وامانه‌ی ناوزڕاندن و دژایه‌تیكردن كه‌ رووبه‌ڕووی ده‌زگاكه‌مان ده‌بنه‌وه‌، بڕیارماندا نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆمان پێشكه‌شتان بكه‌ین و هیوای سه‌ركه‌وتن بۆ ئه‌و كه‌سه‌ ده‌خوازین كه‌ له‌جێگه‌ی ئێمه‌ به‌رپرسیارییه‌ته‌كه‌ وه‌رده‌گرێت.