چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

فەرماندەی پۆلیسی بەغدا هۆشداری لە سەرهەڵدانەوەی دیاردەی ڕفاندنی منداڵان دەدات

فەرماندەی پۆلیسی بەغدا هۆشداری لە سەرهەڵدانەوەی دیاردەی ڕفاندنی منداڵان دەدات و رای دەگەیەنێت كە تەنیا ئەمساڵ، 450 منداڵ بێسەروشوێن بوون.

عەدنان حەمود ئەلسەلامی، فەرماندەی پۆلیسی بەغدا، ئەمڕۆ شەممە 12ی 11ی 2022 بە ماڵپەڕی (المعلومة)ی عراقی راگەیاندووە، یاسای قەدەغەكردنی بازرگانیكردن بە مرۆڤ كە ساڵی 2012 دەركرا، درەنگ كەوت و ”پێویستی بە هەمواركردنەوەی هەندێك لە بڕگەكانی هەیە.“

هاوكات فەرماندەی پۆلیسی بەغدا زەنگی مەترسی لە زیادبوونی دیاردەی بازرگانی بە مرۆڤ لێ دا و رای گەیاند، زۆر تاوان لە چوارچێوەی بازرگانیكردن بە مرۆڤ لە پارێزگای بەغدا دەكرێت، ”هیچ ڕۆژێك تێناپەڕێت بەبێ ئەوەی منداڵێك یان چەند منداڵێك لە هەردوو ڕەگەزەكە لە بارودۆخی نادیاردا بێسەروشوێن ببن، ئامارەكان پێمان دەڵێن تەنیا لە 10 مانگی ئەمساڵدا زیاتر لە 450 منداڵ ونبوون.“

جەختی لەوەش كردەوە كە لێژنەیەك لە ئەفسەرانی پۆلیس پێكهێندراوە و لەوە دڵنیا بوونەتەوە كە تاوانی بازرگانیكردن بە مرۆڤ هەیە، كەسانێكیش دەستگیر كراون و هێشتا هەوڵی ئاشكراكردنی ئەنجامدەرانی ئەم جۆرە بازرگانییە دەدرێت، هەرچەندە ”ماددەی گرنگ لە یاسای قەدەغەكردنی بازرگانیكردن بە مرۆڤ هەیە، بە تایبەتی ماددە 6ی یاساكە كە سزای ئەو تاوانبارە دەدات كە نەوجەوانێكی بچووكتر لە 18 ساڵان بۆ مەبەستی لەشفرۆشی و سواڵكردن و بازرگانیكردن بە ئەندامەكانی مرۆڤ بەكار دەهێنێت، بەندكردنی هەتاهەتاییە لەگەڵ غەرامەیەك لە نێوان 15 تا 25 ملیۆن دینار، لە حاڵەتی مردنی قوربانییەكەش، سزاكە بۆ لەسێدارەدان دەگۆڕێت، بەپێی ئەم یاسایەش، مافیاكانی سواڵكردن، ئەوانەی منداڵان و نەوجەوانان بۆ سواڵكردن بەكار دەهێنن، دەگرێتەوە.“