له‌میانه‌ی پێشكه‌شكردنی گوتارێك، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، خه‌ریكه كار له‌سه‌ر رێككه‌وتنه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق ده‌كه‌ین و هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا له‌سه‌ر ئه‌وه كۆكن ده‌ستوور جێبه‌جێ بكرێت.
ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه 8ـی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، رایگه‌یاند، خه‌ریكه كار له‌سه‌ر رێككه‌وتنه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق ده‌كه‌ین، ده‌بێت دۆسییه هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر پیشه‌ییانه چاره‌سه‌ربكرێن، به‌و شێوه‌ی كه دادپه‌روه‌ری تێیدا ره‌چاوبكرێت.
هه‌روه‌ها سوودانی گوتی: “هه‌رێمی كوردستان و عێراق كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ستوور جێبه‌جێ بكرێت”.
تایبه‌ت به دۆسییه‌ی نه‌وت و غاز، سوودانی ده‌ڵێت:”پڕۆژه‌یاسای نه‌وت و غاز، یه‌كێكه له گرنگترین چاره‌سه‌رییه‌كان بۆ ئه‌و دۆسییه‌یه، له په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی نه‌وت بۆ ئاماده‌كردنی ره‌شنووسی یاساكه به‌رده‌وامین، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ر له خستنه‌ڕووی له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان تاووتوێی سه‌ره‌تایی بۆ بكه‌ین، دوای خستنه‌ڕووشی له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بۆ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ده‌نێردرێت. دۆسییه‌كانی دیكه‌ش گرنگترینیان ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵی 2023ـه، كه پابه‌ندییه‌كانی له‌سه‌ر بونیات ده‌نرێت، پێویسته هه‌رێمی كوردستان پابه‌ندییه‌كانی نیشان بدات، بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراقیش پابه‌ندییه ده‌ستوورییه‌كانی جێبه‌جێبكات، چ له یاسای بودجه یاخود ته‌واوی شایسته داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان”
هه‌روه‌ها ده‌شڵێت: له میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌م له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری له یه‌كێك له په‌رله‌مانتارانی كورد، گوێبیستی پرسی پێكهێنانی لیوای هاوبه‌ش بووم، داوای هه‌موو ئه‌وله‌ویاته‌كانی ئه‌و بابه‌ته‌م كردووه و تاوتوێكردن و لێكۆڵینه‌وه له‌و بابه‌ته به‌رده‌وامه، ئێمه له سه‌روبه‌ندی جێبه‌جێكردنی پابه‌ندییه‌كان و رێككه‌وتنه‌كانی حكومه‌تین، بێ گوێدانه ئه‌و رێككه‌وتنانه، پێویسته كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا چاره‌سه‌ربكرێن، نابێت به‌و شێوه‌یه به‌رده‌وامبن، جا چ ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندییان به نه‌وت و غازه‌وه هه‌یه، یانیش ئه‌وانه‌ی تایبه‌تن به بودجه و ده‌روازه سنوورییه‌كان و هه‌موو دۆسییه‌كانی دیكه، خواستێكی جددی له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه بۆ ئه‌و بابه‌ته هه‌یه و ئه‌و پرسه له‌لای حكومه‌ت و لایه‌نه ئاشنایه، كه پێویسته پیشه‌ییانه رووبه‌ڕووی ئه‌و دۆسیانه ببینه‌وه و به‌و چاره‌سه‌رییانه بگه‌ین، كه دادپه‌روه‌ری بۆ هه‌موو لایه‌ك ده‌سته‌به‌ربكات، به‌تایبه‌ت كه هه‌ولێر و به‌غدا بۆ رێكخستنی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه له‌سه‌ر سه‌قفی ده‌ستوور كۆكن.
هه‌رچه‌نده رۆژی هەینی (4ی تشرینی یه‌كه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە کوردستان24ی رایگەیاندبوو، رۆژی سێشەممە (8ی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، شاندێکی حکومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەکات و ئامانجی شاندەکەش گفتوگۆکردنە لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی 2023، بەڵام سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ئاشکرایکرد، هێشتا وادەی سەردانیکردنی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدیارینەکراوی ماوەتەوە.
بڕیاره شاندەکەی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بە سەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری و ئەندامییەتی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و به‌دواداچوون و فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان له به‌غدا ده‌بێت.