پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی به‌رده‌وامده‌بێت

سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاریدا بۆ ماوەی مانگێک وەرزی یاسادانانی ئەنجوومەنەکە درێژ بکاتەوە.

بۆ ئەو بڕیارەی ئەمڕۆی (سێشەممە 8ـی تشرینی دووەم) سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پشت بە بڕگەی دووەمی ماددەی 58ـی دەستووری هەمیشەیی عێراق بەستراوە.

ئەمڕۆ راگه‌یاندنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، كاتژمێر 12ی نیوه‌ڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ تاوتوێكردنی پڕۆژه‌یاساكانی، درێژكردنه‌وه‌ی لێخۆشبوونی گومرگی، باجی خۆراك، پرۆژه‌یاسای جه‌ژنی نیشتمانی عێراق، پرۆژه‌یاسای خاوه‌ن پێداویستیانی تایبه‌ت، خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می پرۆژه‌یاسای بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و خانه‌نشینی كاركه‌ر، کۆدەبێتەوە.

دوای به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ (10ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2021)، به‌هۆی گرژی و ئاڵۆزییه‌كاتی گۆڕه‌پانی سیاسی له‌ عێراق، لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق نه‌گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت.

تا لە 30 ئاب/ ئۆگێستی 2022، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا داوای لە لایەنگرانی کرد لە ناوچەی سەوز بکشێنەوە و کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان بێنن.

ئەو پەیامەی سەدریش دوای ئەوە هات لە 29ی ئاب/ئۆگێستی 2022، وازهێنانی خۆی لەکاری سیاسی راگەیاند.

له‌ رۆژی چوارشەممە (28ی ئه‌یلوول/سێپتێمبه‌ری 2022)، ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق جارێكی دیكه‌ ده‌ستی به‌ كۆبوونه‌وه‌كانی كرده‌وه‌ و به‌هۆی كشانه‌وه‌ی په‌رله‌مانتارانی ره‌وتی سه‌در، موحسین مه‌نده‌لاوی به‌ جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ارنی عێراق هه‌ڵبژارد و ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی محه‌ممه‌د حه‌لبووسیشی له‌ پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ره‌تكرده‌وه‌.

هه‌روه‌ها رۆژی (13ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، له‌تیف ره‌شید، به‌ سه‌رۆك كۆماری عێراق هه‌ڵبژێردرا و  محه‌ممه‌د شیاع سوودانی بۆ پێكێهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق، وه‌ك كاندیدی لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی راسپارد.

دوای ئه‌وه‌ش رۆژی (27ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، به‌ ئاماده‌بوونی (253) په‌رله‌مانتار، ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق متمانه‌ی به‌ كارنامه‌ و 21  وه‌زیری‌ كابینه‌كه‌ی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی به‌خشی