گرووپێکی میلیشیا بەرپرسیارێتی کوشتنی هاووڵاتییە ئەمەریکییەکەی بەغدای لە ئەستۆ گرت

هاووڵاتییەکی ئەمەریکی بەناوی ستیفن تڕۆڵ شەوی رابردوو لە شاری بەغدا کوژرا و گرووپێکی میلیشیا بەپرسیارێتی کوشتنەکەی لەئەستۆگرت.

گرووپی میلیشیا بەناوی “سەرایا ئەهل ئەلکەهف”، ئەمڕۆ سێشەممە (8ـی تشرینی دووەمی 2022) بەرپرسیارێتی کوشتنی هاووڵاتییە ئەمەریکییەکەیان لەئەستۆگرت.

ئەو گرووپە رایانگەیاند، کوشتنی ستیفن تڕۆڵ لە تۆڵەی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بووە.

دوێنێ دووشەممە (7ی تشرینی دووەم)، سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی له‌ عێراق بۆ كوردستان24 ئاشكرایكرد، هاووڵاتییه‌كی ئه‌مه‌ریكی به‌ناوی ستیفن تڕۆڵ كه‌ ته‌مه‌نی 45 ساڵه‌، له‌ گه‌ڕه‌كی كه‌ڕاده‌ی شاری به‌غدا كوژراوه‌.

بە گوێرەی زانیارییەکان، ستیفن تڕۆڵ تەمەنی 45 ساڵ بووە و له‌ رێكخراوێكی فریاگوزاری له‌ عێراق كاریكردووه‌. 

رۆژی 3/1/2020، سوپای ئەمەریکا لەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدا قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و و ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی كردە ئامانج.

ھەواڵی زیاتر