ئەمڕۆ شەممە 5ی 11ی 2022، لە بارەگای فەرماندەیی پرۆسە هاوبەشەكانی عێراق، بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆی عێراق و بەرپرسانی تری باڵای ئەمنیی عێراق، كۆبوونەوەیەك بەڕێوە چوو و ڕێككەوتن كرا بۆ گواستنەوەی دۆسیەی ئەمنیی شارەكانی عێراق، لە وەزارەتی بەرگرییەوە بۆ وەزارەتی ناوخۆ.
لە بەیاننامەیەكی فەرماندەیی پرۆسە هاوبەشەكانی عێراقدا، كە وێنەیەكی دەست (ماڵپەری هەولێر) كەوتووە، تێیدا هاتووە، بە سەرۆكایەتیی عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق، پرۆسە هاوبەشەكانی عێراق كۆبوونەوەیەكی ئەمنییان گرێ دا، بۆ گواستنەوەی بەرپرسیارێتیی دۆسیەی ئەمنیی شارەكان، لە وەزارەتی بەرگرییەوە بۆ وەزارەتی ناوخۆ و لە كۆبوونەوەكەدا ڕێككەوتن بۆ گواستنەوەی دۆسیەی ئەمنیی شارەكان لە وەزارەتی بەرگرییەوە بۆ وەزارەتی ناوخۆ كرا.
چاودێران پێیان وایە، كە ئەو بڕیارە ئەگەر بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی كەركووكدایە، بەهۆی ئەوەی، لەدوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە تا ئێستا، شارەكە بە كراوەتە سەربازگە و دەسەڵات و دۆسیەی ئەمنی لای وەزارەتی بەرگریی عێراقە، ئێستاش ئەگەر ڕێككەوتنەكە جێبەجێ بكرێ، ئەوا دەسەڵات و دۆسیەی ئەمنیی شارەكە دەگەڕێتەوە بۆ پۆلیس و دامودەزگاكانی دیكەی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی عێراق.