پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

فوئاد حوسێن: ڕێگە نادەین عێراق بێتە گۆرەپانی یەکلای کردنەوەی ململانێکان

وەزیری دەرەوەی عێراق رایدەگەیەنێت، رێگە نادەن عێراق ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێکان و دەستێوەردانی دەرەکیش رەتدەکەنەوە.

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە دیدارێکدا لەگەڵ کەناڵێکی عەرەبی گوتی: “عێراق وەک گۆڕەپانێک بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان رەتدەکەینەوە، رێگەش بە دەستێوەردانی دەرەکی لە کاروباری عێراق نادەین، بەڵکو بەردەوام دەبین لە باشترکردنی پەیوەندییەکانی عێراق و وڵاتانی دراوسێ”.

وەزیری دەرەوەی عێراق ئەوەی خستەڕوو: “پەیامی عێراق ئاشتی و هاوبەشییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان”.

لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداش، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، بەر لە پێکهێنانی حکومەت، رێککەوتنێکی گشتگیر واژووکراوە، کە هەموو دۆسییەکان تێیدا باسکراون، لەوانە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

هەر سەبارەت بەو پرسە، فواد حسێن گوتی: رێککەوتووین کە کێشەکان چارەسەر بکرێن، بە تایبەت کێشەکانی پەیوەندیدار بە دۆسیەی نەوت و پرسی ئەمنی.

فوئاد حسێن، رۆژی 27ـی تشرینی دووەمی 2022، بوو بە جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و دووبارە وەک وەزیری دەرەوەی عێراق متمانەی پێدرا.