هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

سەرۆکوەزیرانی عێراق باس لە دەستکاریکردنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دەکات

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بانکی ناوەندی عێراق تاکە لایەنی پەیوەستە بە دەستکاریکردنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار، لە هەمانکاتدا ئەرکی حکومەت ئەوەیە رێوشوێنی پێویست و گونجاو بۆ پاراستنی چینی هەژاران بگرێتەبەر.

سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی: لە رابردوودا دوای ئەوەی دەستکاری بەهای دینار بەرامبەر دۆلار کرا، رێوشوێنێکی ئەوتۆ بۆ پاراستنی چینی هەژاران و مامناوەند و ئەو کەسانەی داهاتیان سنووردارە نەگیرایە بەر. ئەوەش کێشەکەی ئاڵۆزتر کرد و بە خراپ لەسەر هاووڵاتییان شکایەوە.

سەرۆکوەزیرانی عێراق دووپاتی کردەوە، پابەندن بە گرتنەبەری رێوشوێن و بڕیاری گونجاو تاوەکو پارێزگاری لە چینی هەژاران بکەن. لە ئایندەیەکی نزیکیشدا بڕیاری گونجاوی لەبارەوە دەدەن، تاوەکو بارگرانی سەر هاووڵاتییان کەمبکەنەوە.

لەلایەکی دیکەوە سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، ئاماژەی بەوەدا، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کاری لەپێشینەی کابینەکەیەتی، ئەوەش تەنیا بانگەشە نابێت، بە بێ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست لە دژی دۆسیەکانی گەندەڵی ئەوا هیچ بەهایەک بۆ قسەکان نابێت.

سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان کار بۆ گەڕاندنەوەی پارە تاڵان براوەکان دەکەن و هەرگیز بێدەنگ نابن لەو بڕە پارەیەی دزراوە.