چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

گرووپە چەکدارەکان کێشە بۆ سوودانی دروست دەکەن

بەشێک لە هێزە سیاسییەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی کێشەی گەورەیان بۆ دروستبووە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، چونکە ئەو هێزانە داوای پۆستی باڵای ئەمنیی و گرنگ دەکەن، ئەو گرووپانەش تائێستا بە گرووپی چەکداری لە یاسا دەرچوو هەژمار دەکرێن، سوودانیش لە کارنامەی حکومەتەکەی جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت میلشیاکان چەک بکرێن، چالاکوانێكی مەدەنیش دەپرسێت، ئەگەر میلشیاکان پۆستی ئەمنیان هەبێت ئەی کێ چەکە نا یاساییەکان لە خۆیان وەرگرێتەوە؟.

داماڵینی چەکی دەستی گرووپە دەرچووەکان لە یاسا، یەکێکە لە بڕگە گرنگەکانی کارنامەی کابینەکەی محەممەد شیاع سوودانی، ئەو چەکانەش زۆربەیان بەدەست باڵە سەربازیەکانی ناو هێزە سیاسیەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیەوەیە، کە ئێستا داوای پۆستی باڵای ئەمنی لە سوودانی دەکەن، ئەمەش ترسی لای هاووڵاتیان دروستکردووە.

لەوبارەوە ئیبراهیم قوڕەیشی چالاكوانی مەدەنی لە بەغدا بە سەرچاوەیەکی راگەیاند: “ئەگەر بەڕاستی گرووپە چەکدارەکان یان ئەو لایەنانەی کە خاوەندارێتیان دەکەن و پۆستی ئەمنی وەرگرن، ئەی کێ چەک لە خۆیان وەرگرێتەوە؟، چونکە ئەمانە پۆستی وەزارەتە ئەمنییەکانیان هەبێت یان هەر پۆستێکی دیکەی ئەمنی ئەوە بە دڵنیاییەوە لە شەقامەکاندا خوێن دەڕژێت و شەڕ روودەدات خەڵک دەڕفێنن، هاووڵاتیان تەنها بەرقەراربوونی ئاسایشیان دەوێت، بۆیە پێویستە سوودانی ئاگادار بێت پۆست بە ملیشیاکان نەدات، چونکە کێشەی سەرەکی عێراق ئەو چەکدارانەن کە لە یاسا دەرچوونە”.

حەشدی شەعبی و حزبوڵڵا و گرووپەکانی دیکە داوای پۆستەکانی ئەمنی قەومی، ئاسایشی نیشتمانی و دەزگای هەواڵگری چەندین پۆستی دیکە دەکەن، پارێزەرێکیش دەڵێت: سوودانی کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگییە و ناتوانێت ئەو پۆستانە بەو گرووپانە نەدات.

ماجد حەسناوی، پارێزەرە و دانیشتووی بەغدایە، دەڵێت: “محەمەد شیاع سوودانی ئەگەر داوای لێبوردن بکات ئەوە کێشە بۆ عێراق دروست دەبێت، ئەگەر پۆستیش بەو میلشیایانە بدات پێچەوانەی کارنامەکەیەتی، ناشتوانێت پۆستی ئەمنیان پێ نەدات، چونکە چوارچێوەی هەماهەنگی سوودانیان بۆ ئەو پۆستە دیاری کردووە، کەواتا حکومەتەکەی بێبەروبووم و شکستخواردوو دەبێت لە بەرامبەر خراپی دۆخی ئەمنی لە داهاتوو”.