سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

داهاتی فرۆشتنی نەوتی عێراق بۆ مانگی ئەیلوول سەرووی هەشت ملیار دۆلار بووە

وەزارەتی نەوتی عێراق بڕی داهات و قەوبارەی نەوتی هەناردەكراوی عێراقی بۆ مانگی ئەیلوولی رابردوو راگەیاند، بەپێی ئاماری كۆمپانیای سۆمۆ، داهاتی نەوتی عێراق لەو مانگەدا زیاتر لە هەشت ملیار دۆلار بووە.

وەك لە بەیاننامەیەكی وەزارەتی نەوتی عێراقدا هاتووە، بڕی نەوتی هەناردەكراوی نەوتی خاوی عێراق بۆ مانگی ئەیلوولی رابردوو گەیشتووەتە 98 ملیۆن و 765 هەزار و 153 بەرمیل، داهاتی فرۆشتنی ئەو بڕە نەوتەیش دەكاتە هەشت ملیار و 845 ملیۆن و 411 هەزار دۆلار. 

بەیاننامەكە روونی كردەوە، كۆی ئەو نەوتەی لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق هەناردە كراوە گەیشتووەتە 96 ملیۆن و 445 هەزار و 421 بەرمیل، لەو كاتەی هەناردنی نەوتی كێڵگەكانی كەركووك بۆ بەندەری جەیهانی توركیا گەیشتووەتە دوو ملیۆن و 169 هەزار و 180 بەرمیل، تێكڕای نرخی بەرمیلێك نەوت لەو مانگە 89.560 دۆلار بووە.

هەر بەپێی بەیاننامەكە بڕی 138 ملیۆن دۆلار وەك پارەی زیاد لە فرۆشتنی نەوت بەدەست هاتووە، نەوتەكەیش فرۆشراوەتە 36 كۆمپانیای دنیایی جیاواز، لە بەندەركانی باشوور و جەیهانی توركیاوە.