رۆژنامەی ھەولێر

شکستپێهێنانی سوودانی عێراق دەخاتە تەنگژەیەکی نوێوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

کێشمەکێش و ململانێی نێوخۆی ھێزە شیعە و سوننەکان لەسەر پۆستە سیادی و خزمەتگوزارییەکان بەردەوامە، بەوھۆیەوە چاوەڕوان ناکرێت بەم نزیکانە پێکھاتە وەزارییەکەی محەمەد شیاع سوودانی رابگەیەنرێت. ئەندامێکی کوردیش، دەڵێ، ھەوڵەکان بەردەوامن بۆ پێکھێنانی حکوومەتی عێراق، بەڵام لەگەڵ ئەوەش شەڕە پۆستە. دەشڵێ، بۆ ئەو حکوومەتەی کە پێک دێت کورد مەرجی داناوە.

نووسینگەی محەمەد سوودانی سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا باس لە بەردەوامی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و چاوپێکەوتن لەگەڵ کاندیدی لایەنەکان بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزاری لە حکوومەتی ھاوپەیمانی نوێدا، کراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە، چاوپێکەوتن لەگەڵ کاندیدانی وەزارەتەکان لە رێگەی لیژنەیەکی تایبەتمەندەوە دەبێت کە لە کۆمەڵێک راوێژکار پێکھاتووە و لەلایەن سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، بەشێوەیەکی فەرمی ناوی کاندیدەکان بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارێتی، دوای چاوپێکەوتن رادەگەیەندرێت، دەستپاکیی کاندیدەکان لە روانگەی یاساییەوە پشتڕاست دەکرێتەوە و وادەیەک بۆ دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ پێدانی متمانە بە کاندیدەکان دیاری دەکرێت، ناردنی ناوی بەربژێرەکان بۆ دەستەی دەستپاکی بۆ ئەوەیە وردبینی دۆسیەکانیان بکەن لەبارەی بوونی گومان و دۆسییەی گەندەڵی لەسەر ئەو بەربژێرانە.
زۆربەی ئەو بەربژێرانەی فراکسیۆنە سیاسییەکان بۆ وەرگرتنی پۆستە وەزارییەکان ئاراستەی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراویان کردووە، قبووڵ کراون.
محەمەد شیاع سوودانی رۆژی ١٣-١٠-٢٠٢٢ لەلایەن د. لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق بۆ پێکھێنانی حکوومەت راسپێدرا. سوودانی ٣٠ رۆژ کاتی ھەیە بۆ پێکھێنانی کابینەی حکوومەت، کە چاوەڕوان دەکرێت لە ٢٣ وەزارەت پێکبێت.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، تائێستا وادەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دیاری نەکراوە و دیارنییە کەی بۆ دەنگدان بە کابینەی نوێی حکوومەت کۆدەبێتەوە، چونکە فراکسیۆنەکان لەنێوان خۆیاندا لەسەر پۆستەکان رێکنەکەوتوون.
چیای تەیمور عەبدال، ئەندامی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەران، بۆ ھەولێ، گوتی:” ھەوڵەکان بەردەوامن بۆ پێکھێنانی حکوومەتی عێراق، بەڵام لەگەڵ ئەوەش شەڕە پۆستە، ھەندێک کێشە ھەن، ھەر کاتێک لایەنەکان لەسەر پۆستەکان گەیشتنە رێککەوتن پەرلەمان متمانە دەداتە حکوومەتی سوودانی، سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو خۆی پەلە دەکات لە دیاری کردنی وەزیرەکاندا و متمانەدان بە کابینەکەی، چونکە ئەگەر حکوومەت پێک نەیەت، کارەسات روودەدات و عێراق دەکەوێتە بارودۆخێک کە دەرچوونی زەحمەت دەبێت، بۆیە زۆر گرنگە لەو چەند رۆژەدا حکوومەت پێک بێت، لەگەڵ ئەوەش ھیچ کاتێک بۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ متمانە بەخشین بە کابینەکەی سوودانی دیارنییە و پێویستە ٧٢ کاتژمێر پێش وادەی دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، کارنامەی حکوومەتی نوێ و زانیاری لە بارەی کاندیدەکان بگاتە دەستی پەرلەمانتاران بە مەبەستی تاوتوێکردن پێش بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان.
ئەو ئەندامەی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەران، دەشڵێ:” پشکی کورد لە کابینەی داھاتووی حکوومەتی عێراق چوار وەزارەتە کە سێ وەزارەتیان بەرکەوتەی پارتی دەبێت و وەزارەتێکیش دەدرێتە یەکێتی، بۆ ئەو حکوومەتەی کە پێک دێت کورد مەرجی داناوە، ئەویش دەرکردنی یاسای نەوت و غازە، جێبەجێ کردنی ماددەی ١٤٠، رەوانە کردنی شایستە داراییەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستانە”.