شاخەوان عەبدوڵڵا: ناکۆکی لە نێوان هەموو لایەنە عێراقیەکاندا هەیە

شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەگەڵ ئاماژەدان بە رێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان لەسەر پۆستە وەزارییەکان رایگەیاند، “تا ئێستا هیچ وادەیەک بۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران و دەنگدان لەسەر کابینەکەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی راسپێدراو، دیارینەکراوە.”

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، لەبارەی دانوستان و هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی بەغدا، گوتی: تا ئێستا کوتلەکان لەسەر پۆستەکان رێکنەکەوتوون و ناکۆکیی لە نێوان هەموو لایەنەکاندا هەیە، بۆ نموونە لەسەر وەزارەتی نەوت و چەندین وەزارەتی دیکە.

شاخەوان عەبدوڵڵا هەروەها رایگەیاند: ئێمە باس لە پرسەکانی دیکە ناکەین، چونکە پێشتر لایەنەکانی ناو هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لەسەر رێککەوتوون و ئیمزایان لەسەر کردووە.

ناکۆکییەکان و چارەنووسی کابینەکەی سوودانی

چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی له‌سه‌ر وه‌زاره‌ته‌كانی ناوخۆ و نه‌وت له ‌ململانێدان و هاوپه‌یمانی عه‌زم و سه‌روه‌ریی سووننه‌كانیش، شه‌ڕی به‌ده‌ستهێنانی پۆستی سیادی ده‌كه‌ن.

‌ناكۆكییه‌كانی هاوپه‌یمانی فه‌تح و ده‌وڵه‌تی یاسا، له‌سه‌ر پۆستی وه‌زاره‌تی نه‌وته‌، نوری مالیكی داوای ئەو وەزارەتە ده‌كات و هاوپه‌یمانی فه‌تحیش ئاماده‌نییه‌ سازشی بۆ بكات.

جیا لەو ناكۆكییه‌، گرفتێكی دیكه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌، ئه‌ویش بزوتنه‌وه‌ی مافی نزیك له‌ كه‌تائیب حزبوڵڵا و بزوتنه‌وه‌ی عه‌سائیب ئه‌هلولحه‌قن كه‌ هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی ده‌زگای هه‌واڵگرییه‌كان ده‌ده‌ن. كه‌تائیبی ئیمام عه‌لییش‌ چاوی بڕیوه‌ته‌ ده‌سته‌ی گشتی حه‌شدی شه‌عبی و فالح فه‌یازیش له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی ناوخۆ له‌گه‌ڵ دوو سه‌ركرده‌ی دیكه‌ی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی له‌مشتومڕدان.

عیزه‌ت شابه‌نده‌ر كه‌سایه‌تی سیاسی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، لایه‌نه‌كانی ناو هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت له ‌دۆخێكی له‌رزۆكدان و ئاسۆی رێككه‌وتن نه‌ماوه‌، ره‌نگه‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی راسپێردراو داوای لێبوردن بكات و دووباره‌ وڵات بگه‌ڕێته‌وه‌ چوارگۆشه‌ی یه‌كه‌م.

دۆخی ناوماڵی سووننه‌كانیش پڕە له‌ ململانێ و ئاڵۆزی و هه‌رلایه‌ك هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی پۆستی زیاتر ده‌دات.

له‌و باره‌یه‌وه‌ هاوپه‌یمانی ته‌قه‌دومی محه‌مه‌د حه‌لبوسی داوای پۆستی وه‌زیری به‌رگری ده‌كات و وه‌زاره‌تی پلاندانانیش بۆ هاوپه‌یمانی عه‌زم یه‌كلابووه‌ته‌وه‌، بۆ هێزه‌كانی دیكه‌ی سووننه‌ش وه‌زاره‌ته‌كانی په‌روه‌رده‌، بازرگانی، په‌یوه‌ندییه‌كان و كشتوكاڵ به‌جێهێڵدراوه‌.

ئه‌حمه‌د جبوری ئه‌ندامی هاوپه‌یمانی عه‌زم، هێرشی توند ده‌كاته‌ سه‌ر محه‌مه‌د حه‌لبوسی و ده‌ڵێت، حه‌لبوسی له‌ دابه‌شكردنی وه‌زاره‌ته‌كاندا وه‌ك پێكهاته‌ مامه‌ڵه‌‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كات و مەعقول نییە له‌به‌رانبه‌ر وەزارەتی بەرگری، پێنج وەزارەتی دیکە كه‌ ‌پشكی هه‌موو سووننه‌كانه‌ بۆ خۆی ببات.

جبوری ده‌ڵێت، “ئێمه‌ خاوه‌نی جه‌ماوه‌ر و پرۆژه‌ی خۆمانین، بۆیه‌ داوای پۆستی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی به‌رگری و وه‌زاره‌تێكی خزمه‌تگوزاری بۆ هاوپه‌یمانی عه‌زم ده‌كه‌ین”.

كێشمه‌كێش و ململانێی نێوخۆی هێزه‌ شیعی و سوونییه‌كان له‌سه‌ر پۆسته‌ سیادی و خزمه‌تگوزارییه‌كان به‌رده‌وامه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ چاوه‌ڕوان ناكرێت به‌م نزیكانه‌ پێكهاته‌ وه‌زارییه‌كه‌ی محه‌مه‌د شیاع سوودانی رابگه‌یه‌نرێت.