چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

بەرەی تورکمانی داوای وەزاری لە محەمەد سوودانی دەکەن

ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی بەرەی تورکمانی و ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، داوای لە سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو کردووە، وەزارەتێکی خزمەتگوزاری یان پۆستی جێگری سەرۆککۆمار بە پێکهاتەی تورکمان بدرێت.

ساڵحی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا، دووپاتیکردەوە ئەوان نایانەوێ دەستوەرانی دەرەکی لە کێشە ناوخۆییەکانی عێراقدا بکرێت، “بەڵام ئەگەر هیچ رێگەچارەیەک نەما، پەنا بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبەین”.

ئەو گوتی: داوا ده‌كه‌ین وه‌زاره‌تێك به‌ پێكهاته‌ی توركمان بدرێت، به‌و پێیه‌ی كابینه‌ی نوێ، كابینه‌یه‌كی خزمه‌تگوزارییه‌، داوامان له‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی راسپێردراو ئه‌وه‌یه‌، وه‌زاره‌تێكی خزمه‌تگوزاری یان دوو وه‌زاره‌ت یان جێگری سەرۆککۆماری عێراق بۆ پێكهاته‌ی توركمان ده‌ستنیشان بكات.

هەروەها لەگەڵ ئاماژەدان بە “توانایی سوودانی و بوونی نیەتی ئەنجامدانی چاکسازی”، رایگەیاند: فشاره‌ سیاسییه‌كان و پێكهاته‌كان كاریگه‌ری له‌سه‌رهه‌ڵوێستی سه‌رۆكوه‌زیرانی راسپێردراو هه‌بووه‌، وڵات له‌ دۆخێكی خراپدایه‌ و داوا ده‌كه‌ین حكومه‌تی نوێ زوو پێكبهێنرێت. نیگه‌رانی و هه‌ڵوێستی خۆمان به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان گه‌یاندووه‌، كه‌وا له‌ سه‌رجه‌م كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كاندا پێكهاته‌ بانگهێشت نه‌كراوه‌.

سەرۆکی بەرەی تورکمانی گوتیشی: تائێستا نه‌مانویستووه‌ ده‌ستێوه‌ردانی هه‌رێمی هه‌بێت، ئه‌گه‌ر سكاڵا نێوخۆییه‌كان سوودیان نه‌بوو، ئه‌وا سكاڵا ده‌كه‌ین و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه‌ و په‌نای بۆ ده‌به‌ین. نامانه‌وێ كێشه‌ نێوخۆییه‌كان بگوازینه‌وه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات و له‌وێ چاره‌ی بكه‌ین، ده‌مانه‌وێ له‌ رێگه‌ی عێراقییه‌وه‌ بێت، پێمانوایه‌ محه‌مه‌د شیاع سوودانی توانای چاكسازی و راستكردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵانه‌ی هه‌یه‌ كه‌ له‌ رابردوودا کراون.

بە پێی زانیارییە نافەرمییەکان، کابینەکەی سوودانی لە 22 یان 24 وەزارەت پێکدێت و لایەنی شیعە لە کۆی وەزارەتەکان 12 پۆست، سووننە 6 وەزارەت، کورد 4 وەزارەت و رەنگە دوو وەزارەتیش بە پێکهاتەکان بدرێت.