سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

محه‌ممه‌د شیاع سوودانی سه‌ردانی هه‌ولێر ده‌كات

سه‌رچاوه‌یه‌كی سیاسی به‌ میدیاكانی عێراقی راگه‌یاندووه‌، محه‌مه‌د شیاع سوودانی له‌ دوو رۆژی داهاتوودا سه‌ردانی هه‌ولێر ده‌كات و گفتوگۆ له‌باره‌ی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی پشكی كورد له‌حكومه‌تی نوێ ده‌كات.

زانیارییه‌كان ئاماژه‌یان به‌وه‌شكردووه‌، سه‌رۆكوه‌زیرانی راسپێردراو بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر به‌ركه‌وته‌كانی كورد به‌پێی ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ دوو رۆژی داهاتوودا سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و پرسی پشكی كورد له‌ حكومه‌تی نوێ تاوتوێ ده‌كرێت.

هه‌ر له‌باره‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراقه‌وه‌، جاسم موسه‌وی، ئه‌ندامی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا رایده‌گه‌یێنێت، پێنجشه‌ممه‌ی داهاتوو كابینه‌ وه‌زارییه‌كه‌ی سوودانی ئاماده‌ ده‌كرێت و پێشكه‌شی په‌رله‌مان ده‌كرێت.

موسه‌وی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، به‌پێی نه‌ریتی سیاسی و ژماره‌ی كورسییه‌كانیان له‌ په‌رله‌مان، وه‌زاره‌ته‌كان به‌سه‌ر هێزه‌ سیاسییه‌كانی به‌شدار له‌ حكومه‌تدا دابه‌ش ده‌كرێت.

جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌، پێكهاته‌ی شیعه‌ 11 وه‌زاره‌ت و كورد و سووننه‌ سه‌دا په‌نجای پۆسته‌كانیان به‌رده‌كه‌وێت به‌جۆرێك بۆ هه‌ریه‌كه‌یان 5-6 وه‌زاره‌ت وه‌رده‌گرن.