وەزیری نەوتی عێراق: لە ماوەی ١١ مانگدا 2.5 ملیار دۆلار دزراوە

“دزینى 2.5  ملیار دۆلار” و شەڕى پەرلەمان و هێرشی راگەیاندن، زۆرینەى ناوەڕۆکى ئەو نامەى دەستلەکارکێشانەوەیە، کە ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیرى نەوت لە پۆستى وەزیرى دارایی بە وەکالەت پێکشکێشی سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراقی کردووە.

ئیحسان عەبدولجەبار دەڵێت، “کەسانێک کەناڵەکانى راگەیاندنیان بە پارەى باج لە دژم بەکاردەهێنا و جەنگى سیاسی هەبوو کە خۆیان لە چەندین لێدوان و مامەڵەى دەمارگیریانە دەبینییەوە، ئەوە جگە لە هەڵپەى بەشێک لە پەرلەمانى عێراق بۆ دوورخستنەوەم لە وەزارەتى دارایی.”

نامەکە کە کۆپییەکى دەست رووداو کەوتووە، لە 12ى تشرینى یەکەم  ئاراستەى مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق کراوە، لەپاش چوار رۆژ لە بڕیارێکى پەرلەمانى عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەى بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیران بۆ راسپاردنى بۆ بەڕێوەبردنى پۆستى وەزارەتى دارایی بە وەکالەت.

لە نامەکەدا وەزیرى نەوتی عێراق ئاماژەى بە چەند پرسێک کردووە کە تایبەتن بە دۆسیەى گەندەڵى و بەربەستەکانى لە بەڕێوەبردنى ئەو پۆستە.

2.5 ملیار دۆلارەکە چۆن “دزرا”؟

لەو نامەیەدا ئیحسان عەبدولجەبار باس لە یەکەم کارى دەکات، کە لە دەستەى گشتیى باج بووە، بە گوتەى ئەو لەدواى ژمارەیەک کۆبوونەوە بۆى دەرکەوتووە کە ئەو دامەزراوە داراییە گەورەیە “هەرەسى هێناوە” و “شەفافیەتى تێدا نییە”، کە دیارترینیان بردنى پارەى بارمتەى ئەو دەستەیە بووە لە بانکى رافیدەین بە شێوەیەکى “نیمچە ئاشکرا.”

وەزیرى نەوت لە نامەکەدا دەڵێت، ئاماژە سەرەتاییەکان لەوەوە دەرکەوتوون کە 800 ملیۆن دۆلار لە بانکى رافیدەین دیار نەماوە، ئەوەش بەگوێرەى چەند بەڵگەنامەیەک کە خستوویانەتە بەردەستى و چەند رێوشوێنێک گیراونەتەبەر بە گواستنەوەى بەشێک لە بەرپرسە ئیدارییەکان بۆ رێگرى لە ونکردنى بەڵگەنامەکان یان شاردنەوەى زانیارییەکان.

بە گوتەى ئیحسان عەبدولجەبار، لەکاتى لێکۆڵینەوەکاندا زیجیرەیەک کارى ساختەکارى، بردنى پارە، هەواڵەکردنى چەندین بڕە پارە بۆ کۆمپانیاى نوێ کراون، کە نە پەیوەندى و نە مافیان لە بەدەستهێنانى ئەو پارانەدا نەبووە، کە بڕەکەى 3.7 تریلیۆن دینار (2.5 ملیار دۆلار) بووە.

بەگوێرەى نامەکەى وەزیرى نەوت، پرۆسەى “دزینى” ئەو 2.5 ملیار دۆلارە لەنێوان 1ى ئەیلوولی 2021 تاوەکو 15ى ئابی 2022 بووە، ئەو وەزیرە دەڵێت، “هەوڵێک نەدراوە بۆ بنکۆڵکردن و گەڕان، دزییەکە ئاشکرا و بە شێوەیەکى رەها بووە.”

رۆژی 15ی تشرینی یەکەمى 2022 مستەفا کازمى داواى دەستلەکارکێشانەوەى ئیحسان عەبدولجەبارى لە پۆستى وەزیرى دارایی بە وەکالەت پەسند کرد، بەدوایدا وەزیرى نەوت لە تویتێکدا “دزینى” ئەو 2.5 ملیار دۆلارەى بڵاوکردەوە.

لە نامەى دەستلەکارکێشاوەکەدا ئیحسان عەبدولجەبار ئاماژەی بەوە داوە، بەشە پەیوەندیدارەکانى دەستەى گشتیى باجى عێراق بەڵگەنامەى پێویستیان بۆ سەلماندنى بردنى ئەو پارانە پێشکێش کردووە، کە بە گوتەى ئەو پشتبەستوو بوون بە بەڵگەنامەى فەرمى و هەژمارە بانکییەکانى رافیدەین و ژمارەى چەک و بەڵگەنامە بانکییەکانى خەرجکردنى ئەو پارانە و ئەو بەڵگەنامانە رادەستى دەستەى دەستپاکى کراون.

ئیحسان عەبدولجەبار دەڵێت، “ئەو تاوانە ئابوورییە درێژکراوەى لادانى بچووکە، بەڵام لە ژمارەدا زیاترن و لە فەرمانگەکانى وەزارەتى دارایی تەشەنەیان کردووە و چەندین ساڵە بەردەوامە، ئەوە یەکێکە لە هۆکارەکانى هەرەسهێنانى سیستمى ئابووریى عێراق و ونبوونى بەشێکى زۆرى داهاتى دەوڵەت.”

شەڕى میدیایی و پەرلەمان

وەزیرى نەوت باس لەوە دەکات، کاتێک وەزارەتى دارایی بە وەکالەت وەرگرتووە بەو “دۆخە خراپە”وە رووبەڕووى جەنگێکى تووند بووەتەوە کە بە گوتەى ئەو، هەموو ئامرازە “ناپاکەکانى” تێدا بەکارهاتوون و “کەسانێک کەناڵەکانى راگەیاندنیان بە پارەى باج لە دژم بەکاردەهێنا و جەنگى سیاسی هەبوو کە خۆیان لە چەندین لێدوان و مامەڵەى دەمارگیریانە دەبینییەوە، ئەوە جگە لە هەڵپەى بەشێک لە پەرلەمانى عێراق بۆ دوورخستنەوەم لە وەزارەتى دارایی.”

لە 11ى تشرینى یەکەمى 2022  پەرلەمانى عێراق بڕیاریدا ئیحسان عەبدولجەبار لە پۆستى وەزیرى دارایی بە وەکالەت دووربخاتەوە، کە لەدواى دەستلەکارکێشانەوەى عەلى عەللاوى، وەزیرى دارایی، ئەو پۆستەى بە بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیران بە وەکالەت پێدرابوو.

ئیحسان عەبدولجەبار لە نامەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، بڕیارەکەى پەرلەمان “نایاسایی” بووە و لە دژى بەرژەوەندیى باڵا بووە و دەڵێت، “ناوەڕۆکەکەى ویستێکى تووند بوو بۆ دوورخستنەوەم لە پێگەى ئێستام لە زووترین کاتدا، ئەوە لە بەرژەوەندیى ئەو لایەنانەدایە کە دەستیان بەسەر ئەو 2.5 ملیار دۆلارەدا گرتووە، لەگەڵ ئەوانەى چەکى رێپێدانى خەرجکردنى ئەو پارانەیان بۆ کردوون لە رووداوێکدا کە سەیرترینە لە عێراق و جیهان.”

بە گوتەی وەزیرى نەوت، بەشێک لە سەرکردە باڵاکان ئامۆژگاریان کردووە کە دەستبەردارى کارەکەى بێت لە وەزارەت، کاتێک پلانى چەند لایەنێکیان بۆ ئاشکرا بووە کە بەرژەوەندییان لەگەڵ راگرتنى رێوشوێنەکانى بووە لە وەزارەتى دارایی. 

ئیحسان عەبدولجەبار ئەوەشی خستەڕوو. ئەوە دووەم نامەى دەستلەکارکێشانەوە بووە، کە لە ماوەى هەفتەیەکدا لە پۆستى وەزارتى دارایی بە وەکالەت پێشکێشی کردووە.

ھەواڵی زیاتر