وەزارەتی بەرگری عێراق ناونووسینی بۆ کۆلێژی سەربازی دەستپێکرد

وەزارەتی بەرگری عێراق رایگەیاند، کۆلێژی سەربازی رۆستەمیە خولی ئەفسەری بۆ دەرچووانی خوێندنی ئامادەیی لە لقەکانی (زانستی، وێژەیی، بازرگانی و پیشەسازی) دەکاتەوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، لە ئەمڕۆوە دەرچووانی ئامادەیی لە ساڵی خوێنی (2020 – 2021) و ساڵی خوێندنی (2021 – 2022) کە خوازیارن لە کۆلیژی سەربازی بخوێنن، دەتوانن فۆڕمی بەشداریکردن لە خولەکەدا پڕبکەنەوە.

وەزارەتی پێشمەرگە لەوبارەیەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، دوای پەیوەندی کردن و هەماهەنگیی فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراق رەزامەندی پێویست وەرگیرا بە وەرگرتنی رێژەیەک لە هاووڵاتیانی کوردستان لە کۆلێژی سەربازی رۆستەمیە لە بەغدا.

مەرجەکانی پێشکەشکردن بۆ کۆلێژی سەربازی رۆستەمیە:

1. پێشکەشکار عێراقی بێت و لەدایک و باوکێکی عێراقی لەدایک بووبێت.

2. تەمەنی لە (18) ساڵ کەمتر نەبێت و لە (22) ساڵ زیاتر نەبێت، ئەو کەسانەش کە ماوەی سێ ساڵە لە بەشی سەربازیدا خزمەت دەکەن و دەیانەوێت فۆڕمی خوێندن پڕبکەنەوە، نابێت تەمەنیان لە (24) ساڵ زیاتر بێت.

3. رەفتار و سیڤی باش بێت.

4. هەڵگری بڕوانامەی خوێندنی ئامادەیی بێت لە لقەکانی زانستی یان وێژەیی بۆ ساڵی خوێندنی (2020 – 2021/ 2021 – 2022)، هەروەها کۆنمرەی کەمتر نەبێت لە (70%).

5. داواکاری دەرچووی ئامادەیی لە لقە بازرگانی و پیشەسازییەکان بۆ بەشەکانی (ئۆتۆمبێل، کارەبا، ئەلیکترۆنی) بۆ ساڵی خوێندنی (2020 – 2021/ 2021 – 2022)، پێویستە کۆنمرەی کەمتر نەبێت لە (80%).

6. کوڕ و کچی شەهید مەرجی کۆنمرە نایانگرێتەوە.  

7. لە چاوپێکەوتنی لیژنەی کێشەکان لە وەزارەتی بەرگری دەرچووبێت.

8. سەر بە هیچ حزب و بزوتنەوە و رەوت و لایەنێکی سیاسیی نەبێت.

9. هیچ پێشینەیەکی تاوانی (سەربازی، سیاسی، پەیوەندیدار بە شەرەف)ـەوە لە دادگای سەربازی نەبێت.

10. لە کۆلێژ و خولە سەربازییەکان نەکشابێتەوە و دەرنەکرابێت، هەروەها نابێت پێشتر لە سوپا رایکردبێت.

11. مەرجەکانی لەشجوانی و تەندروستی و سەلامەتی دەروونی هەبێت کە لەلایەن لیژنەی پزیشکی تایبەتمەندەوە بڕیاری لێدەدرێت.

12. باڵای لە 165 سانتیمەتر کەمتر نەبێت.

ئاماژە بەوەشدرا، هەرکەسێک ئارەزومەندە دەتوانێت لەڕێگەی ماڵپەڕی وەزارەتی بەرگری عێراق بەشێوەی ئۆنلاین فۆڕم پڕ بکەنەوە.