پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

سبەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكکۆمار کۆ دەبێتەوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

سبەی پێنجشەم ١٣ی تشرینی یەکەم، پەرلەمانی عێراق بۆ پرسی هەڵبژاردنی سەرکۆمار کۆ دەبێتەوە و محەمەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە فەرمی کۆبوونەوەکەی تەرخان کردووە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكکۆمار کە بە گرنگترین هەنگاو بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ هەژمار دەکرێت راگەیاندنی کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە هێشتا کورد لەسەر دەستنیشانکردنی یەک کاندید ساغ نەبۆتەوە.

وەک چاوەڕوان دەکرا دوای تێپەڕینی ساڵێک بەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، دانوستانەکان چڕتر بوونەتەوە و هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکوومەت خەریکە دەنرێن. چەند رۆژێکە دانوستانی چڕ لە نێوان لایەنەکان دەستی پێ کردووە و کۆبوونەوەی رۆژی دووشەمی سەرۆک بارزانی لەگەڵ محەمەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و کاندیدی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی حکوومەت کاریگەری هەبووە لە کردنەوەی گرێکوێرەی کێشەکانی پێکهێنانی حکوومەت و هەڵبژاردنی سەرکۆمار.
وەک ئاشکرایە پۆستی سەرۆكکۆمار بۆ کوردە و ساغنەبوونەوەی کورد بۆ دەستنیشانکردنی یەک کاندید بۆ پۆستەکە لە پاڵ ناکۆکییەکانی ناو ماڵی شیعە، لە ماوەی ئەو ساڵەدا بێ کاریگەر نەبووە لە دواخستنی پێکهێنانی حکوومەت. تا ساتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە هیچ زانیارییەکی سەلمێنراو لەبارەی ئەوە لە ئارادا نییە کورد لەسەر یەک کاندیدی هاوبەش ساغ بووبێتەوە.
کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان رێبەر ئەحمەد و کاندیدی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش بەرهەم ئەحمەد ساڵح بووە، پارتی لەو ماوەیەدا پێی وا بووە کاندیدەکە هی کوردە نەک پارتێکی دیاریکراو و پێی باش بووە کۆدەنگی نیشتمانی بۆ دەستنیشانکردنی کاندیدەکە هەبێت نەک ئەوەی هاوشێوەی ساڵی ٢٠١٨ کورد بە دوو کاندید بەشداری بکات و بەهۆیەوە سەنگی کورد لاواز بێت.
یەکێک لە پێشنیازەکان لە چەند رۆژی رابردوودا ئەوە بووە کە کاندیدی کورد بۆ پۆستی سەرۆكکۆمار لە پەرلەمانی کوردستان یەکلایی بکرێتەوە بەڵام ئەم رێکارەش لە لایەن یەکێتی رەت کراوەتەوە.
تا ساتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتەش یەکێتی و پارتی بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستەکە لە دانوستان و پێوەندی دان، بەڵام هێشتا دیار نییە ئایا ئەو دوو لایەنە بە رێککەوتن گەیشتوون یان بە پەرتەوازەیی لە کۆبوونەوەی سبەی بەغدا بەشدار دەبن.
ئەگەر کورد لەسەر کاندیدێکی هاوبەش رێک نەکەوێت زۆر زەحمەتە پارتی لە کۆبوونەوەی سبەینێی پەرلەمانی عێراقدا بەشداری بکات و لەو کاتەشدا ئەوا ئامادەبووانی پەرلەمانن کە کاندیدێک بەسەر کورددا دەسەپێنن و دەیکەن بە سەرکۆمارو ئەمەش لە سەنگ و پێگەی کورد کەم دەکاتەوە.
بەگوێرەی یاسا کۆبوونەوەی سبەینێی پەرلەمانی عێراق پێویستی بە ئامادەبوونی لانی کەم ٢٢٠ پەرلەمانتار هەیە کە دەکاتە دوو لەسەر سێی ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان و ئەگەر توانرا ئەو ژمارەیە تەواو بکرێت ئەوا بە دەنگدان کەسێک بۆ پۆستی سەرۆكکۆمار هەڵدەبژێردرێت. پێشبینی دەکرێ ٢٢ پەرلەمانتار کۆ بکرێنەوە بەڵام تا ئەم ساتە دیار نییە یەکێتی و پارتی بە یەک کاندید بەشدار دەبن یان جارێکی تر پەرتەوازە دەبن و رێ دەدەن ئەوانی تر سەرکۆماریان بۆ دیاری بکەن.