پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

سزای زیندانیکردنی هەتاهەتایی بۆ بکژی دادوەرێک دەرکرا

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە عێراق رایگەیاند كە دادگای تاوانەكانی میسان، سزای زیندانیكردنی هەتاهەتایی بۆ كەسێك دەركردووە، بەتاوانی ئەوەی كە دادوەریەكی دادگای لێكۆڵینەوەی شاری عەمارە (سەنتەری پارێزگای میسان)ی كردووەتە ئامانج.
نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژەی بەوەداوە، تاوانبارەكە لە ماوەكانی رابردوودا، تەقەی لە دادوەرێكی دادگای لێكۆڵینەوەی عەمارە بێ ئەوەی ناوی ئاشكرا بكرێت، كردووە لەو كاتەی چووەتە سەر ئەركەكەی لە تەلاری سەرۆكایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی میسان.
راشیگەیاندووە كە تاوانبارەكە، سزای زیندانیكردنی هەتاهەتایی لەلایەن دادگای تاوانەكانی میسان-ەوە بۆ دەركراوە.
رۆژی پێنجی مانگی شوباتی 2022، دادوەری لێكۆڵینەوەی تایبەت بە دۆسیەی ماددە هۆشبەرەكان لە دادگای سەرۆكایەتیی تێهەڵچوونەوەی میسان، ئەحمەد فەیسەڵ لە بەردەم ماڵەكەی خۆیدا لە شاری عەمارە، لەلایەن ژمارەیەك چەكداری نەناسراوەوە كوژرا.