چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

شاخەوان عەبدوڵڵا: سبەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرکۆمار کۆنابێتەوە

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، سبەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کۆنابێتەوە.

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند “سبەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کۆنابێتەوە”.

دوێنێ دووشەممە 10/10/2022، موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندبوو، 170 واژۆ پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان کراوە، بۆ ئەوەی رۆژی چوارشەممە پەرلەمان کۆببێتەوە و دەنگ لەسەر کاندیدی سەرۆککۆمار بدات.

سەرچاوەیەک لە بەغدا رایگەیاند: “تائێستا هەموو لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر ئەو کۆک نین کە محەمەد شیاع سوودانی کاندیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق بێت”.

گوتیشی: “هەندێک لایەن لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی پێشنیازی ئەوەیان کردووە، بۆ دەربازبوون لە دۆخی چەقبەستووی عێراق کاندیدی سەرۆک وەزیران بگۆڕن و لە جیاتی محەمەد شیاع سوودانی کەسێکی دیکە کاندید بکرێت، کە هەموو لایەنەکان لەسەر کۆکبن، بەڵام نووری مالیکی سوورە لەسەر مانەوەی محەمەد شیاع”.