یەحیا رەسوڵ، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاشكرای كرد، بەپێی زانیارییەكانی دەزگای ھەواڵگری عێراق، لە ئاكامی بۆردوومانی پێگەكانی چەكدارانی داعش لە سنووری پارێزگای كەركووك لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی عێراقەوە، سەركردەیەكی داعش بە ناوی محەمەد مەزەری عوبەیدی كوژراوە.
لە دوای 16ی ئۆکتۆبەری 2017، بەهۆی بۆشایی ئەمنییەوە جموجۆڵی چەکدارانی داعش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان زیادیکردووە. شارەزایانیش هۆکارەكە دەگەڕێننەوە بۆ نەبوونی هەماهەنگی هێزە ئەمنییەکان.
هەرچەندە چەند جارێک حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە داوایان لە حکومەتی عێراق کردووە کە بە هاوبەشی و هەماهەنگی ئەو بۆشاییە ئەمنییە پڕ بکەنەوە، بەڵام بەگوتەی فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگە سوپای عێراق کەمتەرخەمە لە هەنگاونان بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانە.