پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەدایە و یەکێک لە بڕگەکانی کۆبوونەوەکەش، تاوتوێکردنی بۆردوومانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە بۆسەر هەرێمی کوردستان کە ئێستا گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.
کۆبوونەوەکە دەستیپێکردووە و، راپۆرتی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی بۆردوومانەکە خوێندرایەوە و پەرلەمانتارە کوردەکان بەگشتی سەرکۆنەیان کردووە، بەڵام بەشێک لە پەرلەمانتارە شیعەکەکان لە کاتی خوێندنەوەی راپۆرتەکە، هاوسۆزییان بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران نیشانداوە و گوتافیان گوتووەتەوە.
پێش ئەم کۆبوونەوەیە کە 125 پەرلەمانتار واژۆیان بۆ کۆکردووەتەوە، لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان میوانداری چەندین فەرماندەی ئەمنی و سەربازی عێراقی کرد سەبارەت بە بۆردوومانەکانی ئێران کە مانگی رابردوو بارەگای حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کردە ئامانج.
سەگڤان یوسف، جێگری دووەمی سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، رۆژی هەینی 07-10-2022 راگەیاند: “لیژنەکەمان دوای میوانداریکردنی ئەو فەرماندانە راپۆرتێکی ئامادە کرد و لە کۆبوونەوەکەدا دەخرێتەڕوو.”
سەگڤان یوسف گوتیشی: “هاوپەیمانەکانی ئێران لە پەرلەمانی عێراق زۆرن؛ بۆیە پێشبینی ناکرێت پەرلەمان بتوانێت هەڵوێستی تووند بەرامبەر بۆردوومانەکانی ئێران بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان بنوێنێت، دواجار پەرلەمان هەر دەتوانێ بۆردوومانەکان سەرکۆنە بکات.”
رۆژی 28ی مانگی رابردوو، ئێران لە رێگەی دەیان مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشی کردە سەر بارەگای هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری کۆیە، پردێ و زڕگوێز؛ بەهۆیانەوە 17 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 50 کەسی دیکەش برینداربوون.