سەدر بۆ تاڵیبان: حکومەتێک نەتوانێت پارێزگاری لە گەلەکەی بکات بێ نرخە

موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در، په‌یامێكی له‌ باره‌ی ته‌قینه‌وه‌كانی ئه‌فغانستان بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ حوسێنییه‌ی شیعه‌كان ده‌كه‌نه‌ ئامانج و رایگه‌یاند، به‌رپرسیارێتی پاراستنی شیعه‌كان له‌ ئه‌ستۆی تاڵیبانه‌.

له‌ په‌یامه‌كه‌یدا سه‌در حكومه‌تی بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبانی به‌وه‌ تۆمه‌تبار كردووه‌، كه‌ ناتوانێت پارێزگاری له‌ گه‌له‌كه‌ی بكات و رێگری له‌ ته‌قینه‌وه‌ “هه‌فتانه‌ییه‌كان” بگرێت، كه‌ به‌رۆكی شیعه‌یان له‌و وڵاته‌ گرتووه‌.

سه‌در نووسیویه‌تی: به‌ڵێ حكومه‌تی تاڵیبانی “توندڕه‌و” كه‌ موسڵمانان و مزگه‌وته‌كانیان و نوێژه‌كانیان ده‌تۆقێنێ له‌ بری ئه‌وه‌ی سێكوچكه‌ی شووم بتۆقێنێت.

هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی: له‌ نه‌جه‌فی شه‌ریفه‌وه‌، به‌رپرسیارێتی ته‌واوی ئه‌و ته‌قینه‌وانه‌ی ئێستا برایانی شیعه‌ ئه‌فغانییه‌كان ده‌كه‌نه‌ ئامانج و دوور نییه‌ له‌ داهاتوودا برایانی سوننه‌ میانڕه‌وه‌كان، كه‌ بیروڕای تاڵیبانیان نییه‌ بگرێته‌وه‌، ده‌خه‌مه‌ ئه‌ستۆی تاڵیبان.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌یدا، موقته‌دا سه‌در، نووسیویه‌تی: به‌ گشتیی ئه‌و حكومه‌ته‌ی تاڵیبان یان ئه‌وه‌تا به‌ مه‌به‌ست  بێده‌نگه‌ و رازییه‌ به‌وه‌ی رووده‌دات و نزیكه‌ له‌ تیرۆر و دووره‌ له‌ میانڕه‌وی، یاخود ئه‌وه‌یه‌، بێ توانایه‌ له‌ پارێزگاریكردن له‌ گه‌له‌كه‌ی و حكومه‌تێكی بێ نرخه‌ و له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی پێویسته‌ ده‌ستوه‌ردان بكات بۆ كۆتایهێنان به‌ ئازاری ئه‌و گه‌له‌ی ده‌یه‌وێت بژیت.

له‌ كۆتایی په‌یامه‌كه‌یدا، سه‌در داوای كردووه‌، سعوودییه‌ كه‌ به‌م دواییانه‌ ده‌یه‌وێت له‌ توندڕه‌وی دوور بكه‌وێته‌وه‌، ده‌ستوه‌ردان بكات له‌وه‌ی له‌ ئه‌فغانستان رووده‌دات و داوایشی له‌ شیعه‌كانی ئه‌فغانستان كردووه‌، یه‌ك ده‌ست بن بۆ كۆتاییهێنان به‌ ئازار و مه‌ینه‌تییان و پشت به‌ خوای گه‌وره‌ ببه‌ستن.

ئه‌م په‌یامه‌ی سه‌در، دوای ئه‌وه‌ دێت، ئه‌مڕۆ له‌ كابووڵی پایته‌ختی ئه‌فغانستان ته‌قینه‌وه‌یه‌ك یه‌كێك له‌ حوسێنییه‌ی شیعه‌كانی ئه‌فغانستان كرده‌ ئامانج.

بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبانی ئیسلامی له‌ كۆتایی مانگی ئابی ساڵی رابردوو، دوای رێككه‌وتنی ده‌وحه‌ی نێوان بزووتنه‌وه‌كه‌ و ئه‌مه‌ریكا گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ كابووڵ و كۆتایی به‌ ده‌سه‌ڵاتی 20 ساڵی رابردووی هێزه‌ لایه‌نگره‌كانی ئه‌مه‌ریكا هێنرا و سه‌رۆك كۆماری وڵاته‌كه‌ ئه‌شره‌ف غه‌نی رایكرد و بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان ئیماره‌تی ئیسلامی له‌ ئه‌فغانستان راگه‌یاند و كۆتایی به‌ ده‌سه‌ڵاتی گرووپ و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان هێنا.

هاوكات له‌ دوو رۆژی رابردوودا، بۆردومانی ئێران بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، بووه‌ هۆی شه‌هید و بریندار بوونی ده‌یان هاووڵاتی و مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان داوایكرد حكومه‌تی عێراق به‌رپرسیارێتی خۆی بگرێته‌ ئه‌ستۆ و رێگر بێت له‌به‌رده‌م پێشێلكردنی سه‌روه‌ری وڵاته‌كه‌ی، تا ئێستا سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی عێراق هیچ په‌یامێكی ئیدانه‌ی په‌لاماره‌كانیان بڵاونه‌كردووه‌ته‌وه‌.