محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق نامەی دەستلەکارکێشانەوەی ئاراستەی پەرلەمانی عێراق کردووە و لە دانیشتنی رۆژی چوارشەممەدا دەنگی لەسەر دەدرێت.
رۆژی دووشەممە 26-09-2022، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق راگەیاند، محەممەد حەلبووسی، نامەی دەستلەکارکێشانەوەی نووسیوە و لە خشتەی کاری دانیشتنی پەرلەمانی عێراقدا لە رۆژی رۆژی چوارشەممە 28-09-2022 دەنگی لەسەر دەدرێت.
شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی: “پێشبینی ناکرێت دەستلەکارکێشانەوەکەی حەلبووسی قبووڵ بکرێت.”
لەبارەی ئەگەری قبووڵکردنی دەستلەکارکێشانەوەکەش، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی: “ئەگەر قبووڵبکرێت، ئەو کاتە سەرۆکایەتی دانیشتنەکە من دەیکەم و سەرۆک و جێگری سەرۆکی پەرلەمان هەڵدەبژێرین.”
خشتەی کاری دانیشتنی پەرلەمانی عێراق
– خوێندنەوەی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز.
– دەنگدان لەسەر نامەی دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.
– هەڵبژاردنی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.