کازمی داوای دەستپێکردنی دیالۆگی نیشتیمانی دەکات

مسته‌فا كازمی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، داوا له‌ هێزه‌ سیاسییه‌كان ده‌كات، به‌سوود وه‌رگرتن له‌ ده‌رفه‌ته‌كانی دیالۆگی نیشتمانی و له‌ئه‌ستۆگرتنی به‌رپرسیارێتی مێژوویی، ده‌رفه‌تی دووباره‌ بونیادنانه‌وه‌ی عێراقمان له‌به‌رده‌مدایه.

كازمی رایگه‌یاندووه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، پرسه‌كانی سیاسی، ئابووری، رۆشنبیری و گۆڕانكارییه‌كانی كه‌شوهه‌وا ده‌خرێته‌ڕوو.

جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، له‌دیداره‌كانیدا له‌ نیویۆرك، سه‌ركرده‌كانی جیهان به‌گرنگییه‌وه‌ له‌ رۆڵی عێراق له‌ هێنانه‌دی سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌ ده‌ڕوانن، له‌ هه‌مانكاتدا سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌ كاریگه‌ری ئه‌رێنی به‌سه‌ر دۆخی عێراقه‌وه‌ هه‌یه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ئاشكرایكردووه‌، عێراق سه‌ركه‌وتووبووه‌ له‌ نزیككردنه‌وه‌ی ئێران له‌گه‌ڵ سعودییه‌ و وڵاتانی دیكه‌ی ناوچه‌كه‌دا.

ئاشكرایكردووه‌، بۆ دۆزینه‌وه‌ی كێشه‌كانی عێراق، داوای ده‌ستپێكردنی دانیشتنی سێیه‌می دیالۆگی نیشتمانی ده‌كه‌م، دووپاتیده‌كاته‌وه‌، هیچ رێگه‌یه‌ك له‌به‌رده‌میاندا نییه‌ جگه‌ له رێگه‌ی‌ دیالۆگ و لێكتێگه‌یشتنی لایه‌نه‌كان.

سه‌رۆك وه‌زیران رایگه‌یاندووه‌، کەسانێک هەن بەهۆی ناکۆکی شەخسی لەگەڵیدا ئاواتەخوازن حکومەت لە هەموو رووێكه‌وه‌ شکست بهێنێت، بۆیه‌ داوا لەو لایەنانە دەکات کە ناکۆکییان لەگەڵیدا هەیە، دوور لە بەرژەوەندی خەڵک ته‌سفیه‌حیسابی خۆیان بكه‌ن.