پرسی دەستنیشانکردنی کاندید ناکۆکی دەخاتە نێو لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی

لایەن و گرووپەکانی سەر بە چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە لەسەر گۆڕینی محەمەد شیاع سوودانی پاڵێوراوی سەرۆک وەزیران کە دژایەتی توندی سەدر لەێ کەوتبووەوە، لە ناکۆکی قووڵدان. ئەوەی پەرەی بەو ناکۆکییانە داوە ئەوەیە بەشێک لەو گرووپانە داوای لابردنی سوودانی دەکەن و پێیان باشە دانوستان لەگەڵ سەدر بکرێ و حکوومەتێکی کاتیی دابمەزرێنرێت کە تا هەڵبژاردنی پێشوختە کاروبارەکان بەڕێوە ببات.

باس لەوە دەکرێ لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەسەر دوو گرووپی جیاوازدا دابەش بوون، گرووپی یەکەم هەر یەک لە نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، قەیس خەزعەلی سکرتێری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق و عەمار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمەت لەخۆ دەگرێت و ئەو گرووپە داوا دەکات محەمەد شیاع سوودانی بە هەموو دەسەڵاتەکانی سەرۆک وەزیران کاندیدی کۆتاییان بێت بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران و هەوڵی دامەزراندنی حکوومەتێکی بەهێز بدرێت.
گرووپی دووەمی لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی حەیدەر عەبادی سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر، هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح، فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لەخۆ دەگرێت کە خوازیاری ئەوەن لە سەدر نزیک ببنەوە و بە دانوستان کێشەکان چارەسەر بکەن و رێگری لە ئاڵۆزبوونی عێراق بگرن.
جگە لەو لایەنەی شیعە چ لە ئاستی سوننە، چ کورد و چ تەنانەت وڵاتانی دراوسێ هەوڵی جیاواز هەیە بۆ ئەوەی کۆتایی بە توندوتیژی و ناکۆکییەکان بهێنرێت.
یەکێک لە رێبەرانی باڵای هاوپەیمانی فەتح بۆ عەرەبیە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، رەزامەندی هاوپەیمانییەکەی دەربڕیوە لەسەر لادانی محەمەد شیاع سوودانی و دەستنیشانکردنی کەسێکی تر بۆ کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیران بە مەرجێک رەوتی سەودر پێی رازی بێت و هیچ کێشە و تێبینییەکی لەسەری نەبێت. داواکارییەک کە گرووپی یەکەمی لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی رەتی دەکەنەوە.
هەر یەک لە نووری مالیکی، خەزعەلی و حەکیم هێشتا سوورن لەسەر کاندیدبوونی محمەد شیاع سوودانی و دژی دانانی هەر پاڵێوراوێکی ترن بەلام عامری، عەبادی و فەیاز پێیان باشە کەسی تر کاندید بکرێت بۆ ئەوەی کۆتایی بە توندوتیژی و دووبارە شەڕ لە سەر شەقامەکان بهێنرێت و پێش بە کارەساتێکی گەورە بگیرێت.
سەرجەم لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێیان باشە هیچ گروپێکی ناو چوارچێوەکە لە کایەی دەسەڵات دوور نەخرێتەوە. رەنگە مەبەست نووری مالیکی بێت کە سەدر بە ئاشکرا داوای دوورخستنەوەی ئەو لە دەسەڵاتی کردبوو و کردبوویە مەرج نابێت هیچ حکوومەتێک بە دەستپێشخەری و رۆڵی باڵادەستیی ئەو دابمەزرێت. سەدر پێی وایە سوودانی سیاسەت و پلانەکانی مالیکی جێبەجێ دەکات و گوێڕایەڵی ئەوە و بۆیەش هەر زوو دژایەتی کرد و تەنانەت بۆ ماوەیەک لایەنگرەکانی دەستیان بەسەر پەرلەماندا گرت.
عەقیل رەدینی گوتەبێژی هاوپەیمانی سەدر پێداگری لەوە کردووە، نابێت بۆچوونی هیچ گرووپێکی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەسەر گرووپەکانی تردا بسەپێنرێت و وا باشە کۆدەنگییەک لە سەرجەم بڕیار و هەڵوێستەکاندا هەبێت، تەنیا کاتێک هیچ کۆدەنگییەک نەهاتە کایەوە، بە دەنگی زۆرینە کێشەکان یەکلایی بکرێنەوە.
پێویستە بگوترێ ناکۆکی نێوان لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بابەتێکی نوێ نییە و لە دوای هەڵبژاردنی ساڵی رابردووش ئەم لایەنەنانە بە جیا ناکۆکییان لەگەڵ یەکتردا هەبوو و هۆی سەرەکی کە وایکرد ئەو لایەنانە لە دەوری یەکتر کۆ ببنەوە، رێگریکردن بوو لەوەی سەدر بە تەنیا نەتوانێت حکوومەت پێکبهێنێت و لەو ئامانجەشیاندا سەرکەوتوو بوون و توانیان یەک لەسەر سێی پەکخەری پەرلەمان دابمەزرێنن و دواجار رێ بە هەڵبژاردنی سەرکۆمار و پاشان حکوومەت نەدرا، تا وایکرد سەدر بە یەکجاری لە پڕۆسەکە بکشێتەوە.
کۆی کێشەکان لە هەفتەکانی رابردوودا لەوەدا کورت دەبوویەوە کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی سوور بوو لەسەر درێژەپێدان بە کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراق و دەستنیشانکردنی سەرکۆمار و سەرۆک وەزیران و دامەزراندنی حکوومەتی نوێ بە هەموو دەسەڵاتەکانیەوە، بەڵام حکوومەتێکی کاربەڕێکەر و کاتیی بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی رەت دەکردەوە. لە بەرانبەردا رەوتی سەدر پێی باشە سەرکۆمار و حکوومەت لە دەسەڵاتەکانی بەردەوام بێت و بێ دامەزراندنی هیچ حکوومەتێکی تر کار بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت.

لایەنەکانی چوارچێوە ئێستا ئەو هەڵوێستەی جارانیان نییە و بەشێکیان بوونەتە ناوبژیوان و تەنانەت ناوی کاندیدی نوێ دەخەنە ڕوو و رۆڵی میانڕەو دەگێڕن و بەشێکی تریش لەسەر داخوازییەکانیان سوورن و بەتەواوی دیار نییە چۆن کۆتایی بە کێشە و ناکۆکییەکان دەهێنن.

ھەواڵی زیاتر