نیویۆرک تایمز: خزمەتگوزارییە سەرەتایەکانی عێراق لەوپەڕی خەراپیدایە


رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمزی ئه‌مه‌ریكی ئاشكرایكرد، سه‌ره‌ڕای سه‌روه‌تێكی زۆری نه‌وت، دۆخی خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی هاووڵاتیانی عێراق له‌وپه‌ڕی خراپیدایه‌.

نیویۆرك تایمز له‌ راپۆرتێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، به‌هۆی گه‌نده‌ڵی و به‌هه‌ده‌ردانی سامانی گشتی له‌وڵاتدا، كه‌ زۆربه‌ی جومگه‌كانی ده‌وڵه‌تی گرتووه‌ته‌وه‌، كاریگه‌ری له‌سه‌ر كه‌رته‌كانی په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستیدا هه‌بووه‌، كه‌ له‌كه‌رته‌ هه‌ره‌ خراپترینه‌كانن.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌، ئه‌و هۆكاره‌ی وایكردووه‌ تاوه‌كو ئێستا عێراق له‌سه‌ر پێی خۆی بوه‌ستێت، ته‌نها نه‌وته‌كه‌یه‌تی، هه‌رچه‌نده‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی له‌سوودی نه‌وت بێبه‌رین و به‌ده‌ست نه‌بوونی كاره‌با، وێرانه‌یی قوتابخانه‌كان و نه‌بوونی چاودێری ته‌ندروستییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن.

رۆژنامه‌كه‌ جه‌ختیكردووه‌ته‌وه‌، سه‌ره‌ڕای به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت له‌جیهاندا، به‌ڵام به‌هۆی گه‌نده‌ڵی و ناپسپۆڕیی وه‌زاره‌ته‌كان و لاوازی حكومه‌ت، ره‌وشی خزمه‌تگوزارییه‌ گشتییه‌كانی خه‌ڵك خراپتربووه‌.

پێشتریش عه‌بدولزه‌هره‌ هینداوی، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق رایگه‌یاندبوو، به‌پێی ئه‌و توێژینه‌وه‌یه‌ك كه‌ به‌هه‌ماهه‌نگی بانكی نێوده‌وڵه‌تی كراوه‌، رێژه‌ی هه‌ژاری له‌ (24.8%) بۆ (25%) به‌رزبووه‌ته‌وه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ژماره‌ی هه‌ژاران له‌ عێراق گه‌یشتووه‌ته‌ (10) ملیۆن كه‌س.