حاڵەتەکانی خۆکوشتن لە عێراق زیادیکردووە 

بەگوێرەی ئامارەکان، حاڵەتەکانی خۆکوشتن لە عێراق زیادیکردووە و ئەمساڵ 420 کەس خۆیان کوشتووە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی کۆمەڵگەی عێراق، بە میدیاکانی راگەیاندووە، حاڵەتەکانی خۆکوشتن لە عێراق روویان لە زیادبوون کردووە، هەژاری و بێکاری و توندوتیژی خێزانی و ئاڵوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکانیش، سەرەکیترین هۆکارەکانی خۆکوژین لەنێو گەنجانی عێراقی.

جەختیشی کردووەتەوە، نەهێشتنی ئەو حاڵەتانە پێویستی بە کارکردنی هەمەلایەنە دەبێت بۆ ئەوەی رێگە لە زیادبوونی خۆکوژی بگیرێت.

بەپێی ئامارێک کە پۆلیسی کۆمەڵگەی عێراق بڵاوی کردووەتەوە، تەنیا دوێنێ دووشەممە 5ی ئەیلوولی 2022، سێ کەس لە عێراق خۆیان کوشتووە، کچێکی عێراقی لە هەولێر و دووی دیکەش لە بەغدا.

هەر بەگوێرەی ئامارەکان، ئەمساڵ 420 حاڵەتی خۆکوژی لە عێراق تۆمارکراون، هەروەها ساڵی 2021یش 772 کەس خۆیان کوشتووە، ساڵی 2020، ژمارەی ئەو کەسانەی خۆیان کوشتووە لە عێراق 663 بوون.

ئەمە لەکاتێکیدایە دۆخی سیاسی لە عێراق ئاڵۆزە و کاریگەری کردووەتە سەر ژیان و گوزەران و دەروونی هاووڵاتییان.

سەرچاوە: شەفەق نیوز