لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تی مسته‌فا كازمی كۆده‌بنه‌وه‌ 

له‌سه‌ر داوای مسته‌فا كازمی ئه‌مڕۆ حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق له‌ به‌غدا كۆده‌بنه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و دۆخه‌ سیاسییه‌ی ئێستا عێراق پێیدا تێده‌په‌رێت.

قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگەیاند، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 5ـی ئه‌یلوولی 2022، مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق سه‌رۆكایه‌تی ئەنجامدانی خوولی دووەمی دیالۆگی نیشتمانی دەکات به‌مه‌به‌ستی چارەسەرکردنی دۆخی ئێستای وڵات.

ئەعرەجی لە وتارێکدا لە میانی به‌شداریكردنی له‌ دووه‌م پێشانگای دژە تیرۆر، ئۆپەراسیۆنە تایبەتییەکان و ئاسایشی ئەلیکترۆنی رایگه‌یاند، “هیوادارین گفتوگۆی نێوان هێزە سیاسییەکانی عێراق ئەنجام بدرێت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان چاره‌سه‌رێك بۆ دۆخی ئێستای عێراق بدۆزنه‌وه‌”.

 ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، عێراق پێویستی به‌ دیالۆگ و چاكسازی راسته‌قینه‌ هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئابلۆقه‌ سیاسییه‌كان و كردنه‌وه‌ی ئاسۆیه‌ك بۆ حكومه‌تی داهاتووی عێراق بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ركه‌كانی خۆی به‌جێبگه‌یه‌نێت. ناوبراو ستایشی هه‌ڵوێستی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراقی كرد له‌باره‌ی‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی تووندوتیژی به‌مه‌به‌ستی پاراستنی ئاسایش و سه‌قامگیری وڵات.

لای خۆیەوە محەممه‌د حەلبووسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ 4ـی ئه‌یلوولی 2022، داوای كرد له‌ دانیشتنی ئه‌مڕۆی دیالۆگی سیاسی نێوان حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق وادەیەك بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان  ده‌ستنیشانبكرێت.

لە راگەیەنداوەکەی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هاتووە، خشتەی کارەکانی کۆبوونەوەکانی نیشتیمانی دەبێت چەند پرسێك لەخۆبگرن، کە پرۆسەی سیاسی بەبێ رێکەوتن لەسەر ئەوانە، تەواو نابێت، ئەوانیش بریتین لە:

– پێویستە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لانیکەم تاکۆتایی ساڵی داهاتوو بکرێت.

– دەبێت سەرۆك کۆمار هەڵبژێردرێت.

– هەڵبژاردنی حکومەتێک کە دەسەڵاتی تەواوی هەبێت و جێی متمانەی گەل و هێزە سیاسییەکان بێت.

– دووبارە شیکردنەوەی ماددەی 76ـی دەستوور.

– بودجەی گشتی پەسەند بکرێت.

– هێشتنەوە یان هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران.

– دەبێت یاسای فیدراڵی ئامادەبکرێت بەپێی ماددەی 92ـی دەستوور.

– گەڕانەوەی تەواوی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان بۆ ریزەکانی خۆیان، هەروەها وەزارەتی ناوخۆ  ئەرکی بڵاوەپێکردنی هێزە ئەمنییەکان لە تەواوی شارەکاندا بگرێتە ئەستۆ، لەگەڵ گەڕانەوەی تەواوی هێزەکانی دیکە بۆ بنکە سەربازییەکانیان بەمەبستی راهێنان و  جێگربوون لەو ناوچانەی پێویستن.

– ئاوارەکان بگەڕێندرێنەوە ناوچەکانیان.

– رێکخستن و هەماهەنگی لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی یاسای نەوت و گاز بکرێت.