قەیس خەزعەلی بریاریدا هەموو نوسینگەکانی عەسائینی ئەهل حەق دابخرێن

قەیس خەز علی. ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق، بریاریدا هەموو نوسینگەکانی عەسائیب بۆ کاتێکی نادیار دابخات.

قەیس خەزعەلی، لە تویتێکدا نووسیویەتی: داوا لە برایانم لە عەسائیبی ئەهلی حەق دەکەم، بۆ ماوەیەکی نادیارهەموو بارەگا و نووسینگەکانتان دابخەن.”

خەزعەلی دەشڵێت، هەر نووسینگەیەک کە دەیانەوێت بیسووتێنن، بەلاتانەوە گرنگ نەبێت، چونکە خوای گەورە بە پاداشتی گەورە بۆتان قەرەبوودەکات.

ئەمینداری عەسائیبی ئەهلی حەق ئاماژەی بەوەشکردووە، “کەسانێک گێچەڵمان پێدەفرۆشن و دەشیانەوێت دۆخەکە خراپتر نەبێت، بۆیە بۆ نەهێشتنەوەی دەرفەت بۆ ئەو کەسانە و پووچەڵکردنەوەی پیلانەکەیان، بێدەنگی هەڵبژێرن و کاردانەوەتان بەرامبەریان نەبێت.

درەنگانی شەوی رابردوو چەندین گرتە ڤیدیۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەوە کە شەڕ و رووبەڕووبوونەوەیەکی سەخت لە نێوان میلیشیاکانی سەرایا سەلامی سەر بە موقتەدا سەدر و عەسائیبی ئەهلی حەقی سەربە قەیس خەزعەلی روویداوە. میدیاکانی عێراق ئاماژە بەوە دەکەن، لەو شەڕەدا سەرکردەیەکی سەرایا سەلام کوژراوە و کەسێکی دیکەش برینداربووە.

رەوتی سەدر، لەوباریەوە داوا لە خەزعەلی دەکات، گرووپ و میلیشیاکانی بێدەنگ بکات و لە بەفیڕۆدانی خوێنی گەل دووربکەوێتەوە.

وەزیرەکەی سەدر، هۆشداریشی دایە خەزعەلی و رایگەیاند، گرووپەکانت بێدەنگ نەکەیت، تۆش وەك ئەوان هەژمار دەکرێیت.

لەلایەکی دیکەوە شانەی راگەیاندنی جەنگیی عێراقیش بڵاویکردووەتەوە، ئەوەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکرێتەوە کۆمەڵێک هەواڵی دژ بەیەکن سەبارەت بە دۆخی بەسرە. جەختیش دەکاتەوە، ئێستا دۆخی ئەمنی سەقامگیرە و هێزە ئەمنییەکان لە تەواوی پارێزگاکە بڵاوەیان پێکراوە.

ھەواڵی زیاتر