هادی عامری رایگەیاند، دەستپێشخەرییەکەی موقتەدا سەدر ئازایانەیە و داواشی لە هەموو هێزەکان کرد بۆ کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی هەماهەنگی بکەن.
هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانیهتی فەتح لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دەستپێشخەرییەکەی موقتەدا سەدر بۆ کۆتاییهێنان بە توندووتیژی چەکداری ئازایانەیە و شایەنی ستایشکردنە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوان بە هەموو توانایانەوە پشتیوانی ئەو خاڵانە دەکەن کە لە دەستپێشخەرییەکەدا هاتوون و و داواشی لە هەمووان دەکەن هاوشێوەی سەدر هەنگاوهەڵبگرن بۆ رێگریکردن لە خوێنڕشتن و دروستبوونی فیتنە و ئاژاوە.
هادی عامری لە راگەیەندراوەکەدا داواشی لە هەموو ” هێزە نیشتیمانییەکان” کرد هەماهەنگی یەکتربکەن بۆ کۆتاییهێنان بە کاریگەرییەکانی قەیرانەکان و هەنگاونان بۆ دەرچوون لە بنبەستی سیاسی کە “گەل باجەکە”ی دەدات.
پێشتریش مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە دوای گوتارەکەی موقتەدا سەدر لە تویتێکدا رایگەیاند، بانگەوازی موقتەدا سەدر بۆ وەستاندنی تووندوتیژییەکان دەرخەری ئەوپەڕی ئاستی نیشتمانپەروەریی و سووربوونیانە لە پاراستنی خوێنی عێراقییەکان.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش پێشوازی لە هەڵویستی موقتەدا سەدر کرد و رایگەیاند، دووپاتیدەکەنەوە لەسەر ئەنجامدانی گفتووگۆی نیشتیمانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و رزگارکردنی عێراق لەم دۆخە قورسە.
هەروەها محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە تویتێکدا سوپاسی موقتەدا سەدری کرد و نووسیویەتی: “پیگەی تۆ بە قەد عێراق گەورەیە”.
لەلایەکی دیکە نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازی لە گوتارەکەی موقتەدا سەر دەکات و داواش دەکات ژیری و حیکمەت زاڵ بن بەسەر بڕیارەکان.