دۆخی بەغدا کازمی لە میسر دەگەڕێنێتەوە

بەهۆی ئاڵۆزییەکانی بەغدا مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆتایی بە سەردانەکەی هێنا و لە میسر گەڕایەوە.

نووسینگەی راگه‌یاندنی مسته‌فا كازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بەهۆی رووداو  و پێشهاتەکانی وڵات، ئەمڕۆ سێشەممە 23 ـی ئابی 2022، مستەفا کازمی کۆتایی بە سەردانەکەی بۆ وڵاتی میسر ‌هێنا، کە بۆ بەشداریكردن لە لوتکەی وڵاتانی عەرەبی سەردانی ئەو وڵاتەی کردبوو.

لــه‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بۆیه‌ سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ وڵاتی میسر كۆتایی پێهێناوه‌، چونكه‌ ئێستا عێراق پێویستی پێیه‌تی، پێویسته‌ ئه‌ركه‌ ده‌ستووریییه‌كانی به‌جێبگه‌یه‌نێت. داواش لــه‌ له‌لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق ده‌كات دان به‌خۆیاندا بگرن و ئارام ببنه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی دۆخی وڵات به‌ره‌و  خراپتر نه‌ڕوات.

كازمی هۆشداری ده‌دات لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، کە له‌كارخستنی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری عێراق دۆخی عێراق ئاڵۆزتر ده‌كات.

ده‌شڵێت: له‌گه‌ڵ خۆپیشاندانی ئاشتییانه‌ی خه‌ڵكداین، به‌ڵام نه‌ك ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و داموده‌زگاكانی دیکەی حكومه‌ت بكرێنه‌ ئامانج.