موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە تویتێکدا ڕایگەیاند: گەلی عێراق ئاگادار دەکەینەوە، پێشنیارێکمان پێشکەش بە نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە بۆ گفتوگۆ، بەشێوەی دیبەیتێکی گشتیی لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان کە بەشێوەی ڕاستەوخۆ پەخش بکرێت.
ڕاشیگەیاند: وەڵامێکی تەواو باوەڕپێکراومان لەلایەن ئەو نێوەنگیرانەوە نەبینی، وەڵامەکەیان هیچی لەبارەی چاکسازی و داخوازی شۆڕشگێڕان و ئازارەکانی خەڵکەوە لەخۆ نەگرتبوو.
سەدر جەختی کردۆتەوە کە “ئەوان بە هیچ شێوەیەک گرنگییان بەو شتانە نەدا کە ڕووی دا، بۆیە داوا لە هەموو لایەک دەکەین چاوەڕێی هەنگاوی داهاتوومان بن، لەدژی سیاسەتی پشتگوێخستنی ئەوەی کە بەهۆی گەندەڵی و وابەستەیی بەسەر عێراق و گەلەکەیدا هاتووە.”
هەروەها دەڵێت، “چاوەڕێ مەبن گفتوگۆی نهێنی نوێ ئەنجام بدەین، من هیچ شتێک لە گەلەکەم ناشارمەوە، لەگەڵ گەندەڵکاران و خراپەکاران یان (ئەوانەی هەوڵی کوشتنم) دەدەن دانووستاندن ناکەین.”
سەدر لە پەیامەکەی ئاماژەی بەوەش داوە کە “ئێمە لەپێناو گەل و ئاشتی زۆر سازشمان کردووە، چاوەڕێی ئەوەین کە چی دەکەن بۆ چاکسازی و ڕزگارکردنی عێراق لە گەندەڵی .”