پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

وەزیری دارایی عێڕاق دەنگۆیەک ڕەتدەکاتەوە

وەزیری دارایی عێراق، ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە بەهۆی قەیرانی سیاسی گرفت بۆ مووچەی فەرمانبەران دروست بێت.

عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، سەرجەم ئەو دەنگۆکانی لەبارەی پەککەوتنی مووچە رەتکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، کاری دەوڵەت بەهۆی نەبوونی بودجە ناوەستێت، بەڵکو بودجەی 2021 هەیە و دەتوانن لە رێگەیەوە خەرجییەکان لەنێوان 100 بۆ 120 ترلیۆن دینار دابین بکەن.

وەزیری دارایی عێراق راشیگەیاند: “لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێ و نەبوونی بودجە، یاخود یاسایەکی هاوشێوەی پاڵپشتی فریاکەوتنی ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدان، ئەوە حکومەت دەبێت بە پشت بەستن بە بودجەی 2021 خەرجییەکانی بکات”.

جەختیشی کردەوە: “بەهۆی نەبوونی بودجەوە حکومەت ناتوانێت هیچ پڕۆژەیەک و وەبەرهێنانێکی نوێ ئەنجام بدات”.

ئەمە لەکاتێکدایە بەهۆی ئاڵۆزی سیاسی لە عێراق دوای 10 مانگ هێشتا نەتوانراوە کابینەی نوێی حکومەت پێکبهێنرێت.