مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیشتە مووسڵ و بەردی بناغەی نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەی مووسڵ دادەنێت.
سەرچاوەیەک لە مووسڵ رایگەیاند: سەر لە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 10/8/2022، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە یاوەری شاندێک گەیشتە شاری مووسڵ، لەلایەن نەجم جبووری پارێزگای نەینەوا و بەرپرسانی دیکەی شارەکە پێشوازی لێکرا.
گوتیشی: لەو سەردانەدا سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەردی بناغەی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوە و گەشەپێدانی فڕۆکەخانەی مووسڵ دادەنێت کە بەهۆی شەڕی داعش زیانی بەرکەوتووە.
بەهۆی شەڕی داعش زۆربەی باڵەخانە و شوێنە گشتییەکانی مووسڵ داڕوخاون و پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوە هەیە، خەڵکی شارەکەش گلەیی لەوە دەکەن، دوای شەڕی داعش ئاوڕی جددی لە مووسڵ نەدراوەتەوە.
لە 10/6/2014 چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر شاری مووسڵ و هێزەکانی عێراق پاشەکشەیان کرد، لە ماوەیەکی کەمدا شارەکە کەوتە ژێر دەستی داعش، کە ئەم رۆژە بە رۆژی ” کەوتنی مووسڵ” ناودەبرێت. دوای سێ ساڵ حوکمی داعش لەو شارە، ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی مووسڵ بە بەشداری سوپای عێراق و پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و بە پشتیوانی و هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانان دەستیپێکرد، لە 10ی تەممووزی 2017 ئازادکردنی مووسڵ لەلایەن حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق راگەیەندرا، بەڵام دوای ئەو وادەیەش شەڕی داعش لە چەند ناوچەیەکی شارەکە بەردەوام بوو.