پێدەچێت عێراق بەرەو هەڵبژاردنێکی تر بچێت، بەڵام لەگەڵ کۆمەڵێک بەربەست بەرەوڕووە

پێکهاتەی ئێستای پەرلەمانی عێراق بەهۆی ناکۆکییە قووڵەکانی ناو ماڵی شیعە توانای ئەوەی نییە سەرۆکوەزیرانێکی نوێ هەڵبژێرێت و موقتەدا سەدر بە پشتبەستن بە جەماوەرەکەی و بەکارهێنانی شەقام پڕۆسەی دامەزراندنی حکوومەتی عێراقی بە تەواوی پەک خستووە، بۆیەش بیر لە ڕێگەچارەری تر دەکرێتەوە. یەکێک لەو ڕێگەچارانە هەڵبژاردنێکی پێشوەختەیە کە ئەمەش لەگەڵ کۆمەڵێک بەربەست و لەمپەر بەرەوڕووە و پێشبینی دەکرێ ئاڵۆزییەکان درێژە بکێشن.

رەوتی سەدر کە خاوەنی ٧٣ کورسی پەرلەمان بوو هەوڵێکی زۆری دا تا حکوومەت پێک بهێنێت بەڵام بەهۆی ئەو بەربەست و گوشارانەی لە لایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆی هاتە کایەوە هەرگیز نەیتوانی بەربەستەکان تێپەڕێنێت و ویست و داخوازییەکانی خۆی لە چوارچێوەی حکوومەتێکی زۆرینەی نیشتمانی بەدی بهێنێت.
وەک ئاشکرایە ڕێک سێ ڕۆژی تر ١٠ مانگ بەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا تێدەپەڕێت کە خۆی هەڵبژاردنێکی پێشوەختە بوو و لە ئاکامی خۆپێشاندانەکانی ساڵی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١ بڕیاری بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکە درابوو.
ئەوکات بەر لە هەڵبژاردن یاسایەکی نوێی هەڵبژاردن دەرچوو و بۆ یەکەم جار لە عێراق بە سیستمی فرەبازنەیی هەڵبژاردن بەڕێوە چوو و پارێزگاکان کە پێشتر بە یەک بازنەی هەڵبژاردن هەژمار دەکران ئەم جارە بە گوێرەی ژمارەی دانیشتووان بۆ چەندین بازنە دابەش کرا.
هەرچەندە ڕێژەی بەشداری هەڵبژاردنی ساڵی ڕابردوو کەم بوو بەڵام لەچاو هەڵبژاردنەکانی پێشتر پاکترین و بێگەردترین هەڵبژاردن بەڕێوەچوو. هەندێک لایەنی سیاسی کە پێشتر کورسییەکی زۆریان هەبوو کورسییەکانیان لەدەست دا، یان بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کرد. یەکێک لە دەرەنجامە گرونگەکانی هەڵبژاردنی عێراق ئەوە بوو لایەنەکانی نزیک لە ئێران و حەشدی شەعبی ئەو جەماوەرەی پێشوویان لەدەست دا و لە زۆرینەی پەرلەمانەوە بۆ کەمینەی شیعە گۆڕدران و موقتەدا سەدر زۆربەی کورسییەکانی پەرلەمانی دەستەبەر کرد.
سەدر لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و سوننەکان هاوپەیمانی پێک هێنا بۆ ئەوەی حکوومەتی زۆرینەی نیشتمانی دابمەزرێنێت، بەڵام ڕەکابەرەکانی لە نێو ماڵی شیعە بە هاوکاری هەندێک هێزی تر یەک لەسەر سێی پەکخەری پەرلەمانیان دەستەبەر کرد و ڕێگربوون لەوەی حکوومەت دابمەزرێت. دواجار سەدر گۆڕەپانەکەی بۆیان چۆل کرد و تەنانەت بەوەش نەوەستا لە پەرلەمان و پڕۆسەی سیاسی دوور کەوتەوە و نامەی دەستلەکارکێشانەوەی بۆ ئەندامانی پڕ کردەوە و ڕادەست کرد.
لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆشاییەکەیان بە نوێنەرانی خۆیان پڕ کردەوە و بەو نیازە دەستیان بە دانوستان کرد کە ئەوەی دەیکەن یاساییە و هیچ بەربەستێکیان بۆ نایەتە کایەوە، ئەم هەوڵانەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە تایبەتی دوای ئەو خۆپێشاندانە ملیۆنییانەی سەدر لە بەغدا ڕێکی خست لەبار چوون و ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر سەدرن تا بە دانوستان عێراق لەو چەقبەستووییە سیاسییە ڕزگار بکات.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا جنین پلاسخارت نوێنەری ڕێکخراوی نەتەویەکگرتووەکان لە عێراق هاتووەتە سەر خەت و دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو چاوی بە سەرۆک بارزانی کەوت ڕۆژی هەینیش لەگەڵ موقتەدا سەدردا کۆ بووەوە و کۆبوونەوەکەی بە گرنگ هەژمار کرد.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بەشێک لە میدیاکانی عێراق باسی دەکەن پێشبینی دەکرێ بە ڕێکارێکی گونجاو کار بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێکی تر بکرێ هەرچەندە ئەمەش ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کۆسپ و تەگەرەی یاسایی دەبێتەوە.
پەرلەمان بۆ ئەوەی هەڵبوەشێتەوە ئەوا دوو ڕێکار هەیە یان یەک لەسەر سێی پەرلەمان داوایەک پێشکەش بکەن بۆ ئەوەی بخرێتە دەنگدانەوە، کە خرایە دەنگانیش دەبێت سەرووی نیوەی ئەندامانی پەرلەمان بە بەڵێ دەنگ بدەن و پاشان سەرکۆمار ڕۆژی هەڵبژاردن دیاری دەکات. ڕێکارێکی تر ئەوەیە سەرۆکوەزیران داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لە سەرکۆمار دەکات کە ئەمەش دەبێت لە پەرلەمان دەنگی پێ بدرێت تا بە هەمان ڕێکار هەڵبوەشێتەوە، بەڵام سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراق ئەو پەرلەمانە هەڵی نەبژاردووە و دیار نییە لە ڕووی یاساییەوە دەکرێ ئەمە سەر بگرێت یان نا.
لە هەر حاڵەتێکدا دەبێت سەرووی نیوەی پەرلەمانتاران دەنگ بە هەڵوەشاندنەوەی بدەن. کێشەیەکی تر ئەوەیە موقتەدا سەدر ئێستا هیچ پەرلەمانتارێکی لە پەرلەمان نییە تا داواکارییەکی لەم شێوەیە سەربخات و بۆیەش دواجار هەر جۆرە گۆڕانکارییەک پێویستی بە ڕێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان هەیە.
سەرۆک بارزانی لە دیداری لەگەڵ جنین پلاسخارت بە ڕاشکاوی گوتی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردن ئامادەیە. بەڵام مەرج نییە هەمو لایەنەکان ئامادەیی ئەوەیان هەبێت بە هەڵبژاردنێکی تر ڕازی بن.
دوێنێ شەممە، هادی عامری لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە پەیامێکدا بۆ سەدر گوتی بە بێ ڕێککەوتنی نیشتمانی پاڵپشتی لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دووبارە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن ناکەن.
سەردانی ڕۆژی هەینی پلاسخارت بۆ لای سەدریش لەوانەیە هەر لەو سۆنگەیەوە سەرچاوە بگرێت، سەدریش سەردانی سیستانیی کردووە و هەموو ئەو ڕووداو و سەردانانە نیشانەن بۆ ئەوەی ڕێگە چارەیەک بۆ دەربازکردنی عێراق لەم دۆخە بدۆزرێتەوە.
پرسی هەڵبژاردنی داهاتووش لەوانەیە ماوەیەکی زۆر بخایەنێت چونکە بەشێکی زۆر لە لایەنەکان تەنانەت بەو سیستمەی هەڵبژاردن ڕازی نین کە لە ساڵی ڕابردوو جێبەجێ کرا، بۆیەش پێشبینی دەکرێ تەمەنی حکوومەتی کاربەڕێکەر درێژە بکێشێت.

ھەواڵی زیاتر