پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

UN داوا دەکات بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە ڕێککەوتنێکی سیاسی هەبێت

هێشتا هەزاران لایەنگریڕەوتی سەدر لە بەردەم پەرلەمانی عێراق و لە ناوچەی سەوز مانیان گرتووە، هەوڵەکانی نێوبژیوانیش بۆ چارەسەری کێشەکان بەردەوامە، نەتەوەیەکگرتووەکان هاتووەتە سەر هێڵ، بەڵام دوو جەمسەرەکەی شیعە هێشتا لەیەک دوورن و گفتوگۆیان نەکردووە. .

پاش نوێژی هەینی لایەنگرانی سەدر کە لە چوار پارێزگاوەڕوویان لەو ناوچەیە کردبوو، سەدر پەیامی نارد و داوای بەردەوامی مانگرتنیان لێ دەکات، ژمارەیەکی زۆر لایەنگری لە ناوچەکە کۆ بوونەوە و بە ” شۆڕشی عاشوورا ناوی دێنن.”
سەدر کە داوای گۆڕانکاری لە سیستەمی سیاسی دەکات، لەو قۆناغەدا داوا دەکات پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە و هەڵبژاردن بکرێتەوە. هەرچەندە ڕۆژی هەینی نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق لە نەجەف لەگەڵ سەدر کۆ بووەوە.
پاش کۆبوونەوەکە پلاسخارت ڕایگەیاند: “لە کۆبوونەوەکە ئەوەیان تاوتوێ کرد کە چارەسەرێکی گونجاو بۆ ئەو دۆخە سیاسیەی وڵات بدۆزێتەوە.
سەدر جگە لەوەش تاوەکو ئێستا دەستپیشخەری هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتحڕەت دەکاتەوە و دەڵێ پێویستە عامری لە نێو چوارچێوەی هەماهەنگی بێتە دەرەوە.
پێش ئەو هەنگاوەش، مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای گفتوگۆی نیشتمانیی کرد بۆ چارەسەری قەیرانە سیاسییەکان، زۆربەی سەرکردەکانیش پێشوازییان لێ کرد، هەروەها بە هەمان شێوە لایەنە سیاسیەکانی عێراق پێشوازیان لە دەستپێشخەریی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش کرد کە داوای کرد لایەنە سیاسییەکان لە هەولێر بێن ڕاشکاوانە گفتوگۆ بکەن. هاوکات لە سێی ئابدا سەدر لە گوتارێکدا چوارچێوەی هەماهەنگیی بەوە تۆمەتبار کرد کە دژی هەوڵی خۆی و ڕەوتەکەی ڕاوەستاون و ڕێگەیان نەداوە پڕۆژە نیشتمانییەکەی سەر بگرێت.
موهەنەد موسەوی، نوێنەری سەدر لە بەغدا ڕایگەیاند: “گەیشتوونەتە دەرەنجامێکی خراپ، بەجۆرێک متمانەی گەل بە چینی سیاسی نەماوە، تەنانەت مەرجەعیەتیش دەرگەی بەڕوودا داخستوون، چونکە پێیگوتوون تاقیکراوە تاقی ناکرێنەوە، جارێکی دیکەش داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختەی کرد . بەپێی زانیاریی سەرکردەی چەند لایەنێکی سیاسی: “نەتەوەیەکگرتووەکان پێشنیازی کردووە هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت، بەڵام بەڕێککەوتنێکی سیاسییەوە لە وادە و چۆنیەتیی بەڕێوەچوون و یاساوە، هەوڵیش دەدات کەناڵی پەیوەندی لە نێوان سەدر و لایەنەکانی دیکە بە تایبەت چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر ئەو پرسە بکاتەوە .”
نەتەوەیەکگرتووەکان توانیویەتی سەدرڕازی بکات بۆ ئەوەی پەیوەندییەک هەبێت لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی، بۆیە لەویەک دوو ڕۆژەدا هادی عماری و موقتەدا سەدر کۆ دەبنەوە، عامری لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە ڕاسپێردراوە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ سەدر .
عیسام حوسێن، ئەندامی ڕەوتی سەدر دەڵێ: “مانگرتن کۆتایی نایەت تاوەکو داواکارییەکان جێبەجێ نەبن کە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختەیە.”
بەڵام ئەندامانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێن: “هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختە پێویستی بەڕێککەوتنێکی سیاسییە چونکە دەبێت دەستووری پێشێل نەکرێت، چونکە حکومەتی کاربەڕێکەر ناتوانێ پرۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوە ببات، لەگەڵ ئەوەش نین بە عەیب و عاری پێشووەوە هەڵبژاردن بکرێتەوە .”
هاوکات محەمەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پشتیوانی خۆی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەربڕی و دەڵێ: “ئەنجوومەنی نوێنەران نوێنەری گەلە، ئەو خەڵکەی لە پەرلەمان کۆبوونەتەوە، بەشێکن لەوانە و ناشتوانرێت ویست و داواکارییان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە پشتگوێ بخرێت .”
هەرچەندە زۆر لایەن پشتیوانیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەن وەکو چارەسەرێک بۆ ئەو قەیرانە سیاسییە، بەڵام هێشتا وردەکاری چۆنیەتی بەڕێوەچوونی دیار نییە .