داهاتووی پرۆسەی سیاسی لە عێراق نادیارە

دلۆڤان رەحیم – هه‌ولێر

لە کاتێکدا دۆخی عێراق گەیشتە خراپترین ئاستی خۆی و، پەرلەمانی عێراق بووە شوێنی کۆبوونەوەی سەدان لایەنگری ڕەوتی سەدر دژی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، ناکۆکییەکانی نێوخۆی شیعەش بەجۆرێک تەشەنەی کردوو کە هیچ ئەنجامێکی جگە لە خراپتر بوون لێ چاوەڕێ ناکرێت، لایەنەکان چ لە نێو شیعە لە سوننەش مەرجیان هەیە بۆ بەربژێرکردنی محەممەد شەیاع سوودانی بەپێچەوانەوە کارتییەک لەسەر سێ کارا دەکەن.

لە 48 کاتژمێری ڕابردوودا خۆپێشاندەران لەناو باڵەخانەی پەرلەمان ئەوەی ویستیان کردیان بێ زیانگەیاندن بە باڵەخانەی پەرلەمان و کەلوپەلەکانی ناوی بگەیەنن.
خۆپێشاندەران بە ئۆتۆمبێلی بچووک و بە کاروان و هەندێکیشیان بەپێ بەرەو ناوچەی سەوز ڕۆیشتن پاشان چوونە ناو ناوچەی سەوز و باڵەخانەی پەرلەمان، لە سێڕۆژدا دوو جار باڵەخانەی پەرلەمانیان کۆنتڕۆڵ کرد، ئەوان بێ گوێدانە هیچ بەربەستێک چوونە نێو ناوچەکە و بەربەستە کۆنکرێتییەکانیان لابرد، لە نێو پەرلەمانیشدا ژەمەخواردن و چاخواردنەوە و پاقڵاوەفرۆشتن، لە باخچەی دەرەوەی پەرلەمانیش، خەڵک لەنێو حەوزەکانی پەرلەمان و لە نێو باخچەکاندا بەدەم گوتنەوەی دروشم، مانگرتنیان لە پەرلەمان ڕاگەیاند.
زەینەب حوسێن، خۆپێشاندەر دەڵێ: “ماڵ و خێزانم بەجێ هێشتووە و هاتووم بۆ پاڵپشتی داواکاری خۆپێشاندەران، زۆربەی خۆپێشاندەران داواکاریان یەکە، کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگیڕەتدەکەنەوە و داوای خزمەتگوزاری و نەهێشتنی گەندەڵی دەکەن، ئەوان دەڵێن ئەو هەموو پارەیەی عیراق چیی لێ دێت، نە ئاو نەکارەبا و نە هیچ خزمەتگوزارییەکیان نییە.”
سەید حەیدەر، تەمەن ٣٥ ساڵان دەڵێ: “گەندەڵی هەموو دەزگاکانی حكوومەتی تەنیوە. حەیدەر کرێکارە لە ناوچەی سەدر وەکو ناڕەزایەتیی بەرامبەر ئەو دۆخە خۆپێشاندان دەکات، کەس هیچ سودێک لە حکوومەت و دەوڵەت نابینێت ئەگەر پەیوەندییەکی لەگەڵ پارتێکی سیاسی نەبێت.”

مەرج لەسەر محەمەد شەیاع سوودانی
داخستنی پرد و شەقامەکان و ڕاگەیاندنی ڕۆژێک پشوو بەهۆی خۆپێشاندانەکان لەکاتێکدان، چوارچێوەی هەماهەنگی ئامادەکاری کردبوو بۆ دانیشتنێکی پەرلەمان لەڕۆژی شەممەدا بۆ هەڵبژاردنی سەرکۆمار، بەڵام سوننە و فراکسیۆنی پارتی هەرزوو ڕایانگەیاند کە بەشداری ئەو دانیشتنە ناکەن، چوارچێوەی هەماهەنگی کە هێشتا سوورە لەسەر کاندیدەکەی بۆ سەرۆکوەزیران، وەکو بەشێکی بەرپرسانی دەڵێن دەیانەوێت ئەو ناڕەزایەتییانە تێپەڕێنن، بەڵام ئەگەر ئەوەش نەبێت، لە پەرلەماندا بێ بۆچوونی سوننە و لایەنی دیکە ناتوانن سەرکۆمار هەڵبژێرن، چونکە پارتی و سوننە 98 کورسیی پەرلەمانیان هەیە و تەنیا ١٢ کورسی لەیەک لەسەر سێی پەکخەر دوورن لەکاتێکدا فراکسیۆنی دیکەش ئامادەنین بچنە دانیشتنی پەرلەمان.
هەرچەندە سوننە کە نوێنەرایەتییەکەی هاوپەیمانی سەروەرییە داوای جێبەجێکردنی مافەکانی سوننە و پارتیش دەکات لە حكوومەتی نوێ، هێشتا وەڵامێکی ئەوتۆ نییە لە چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەوان لە خەمی ئەوەدان لە ناوخۆیان کێشەکان یەکلایی بکەنەوە، بەڵام ئەوەشیان نەکردووە .
هەرچەندە بەهۆی خۆپێشاندانەکان، دانیشتنەکانی پەرلەمان وەستاون و دیار نییە کەی دەست پێ دەکاتەوە بەڵام لە بەغدا ڕێوشوێنەکان توند کراون و هیچ هەنگاوێک دیار نییە بۆ حكوومەتی داهاتوو، چاوەڕێش دەکرێت لە دوو ڕۆژی داهاتوو گفتوگۆی نێوخۆی شیعە هەبێت بۆ چارەسەرێکی ئەو دۆخە .

ھەواڵی زیاتر