عێراق.. به‌هۆی رووداوێكی هاتووچۆ 12 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی هاتووچۆی عێراق له‌ میانی راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرایكرد، له‌ رووداوێكی هاتووچۆدا له‌ سه‌ر رێگای (به‌غدا – بابل) 12 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا.

له‌ میانی راگه‌یه‌ندراوێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی هاتووچۆی عێراق كه‌ ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 29ـی ته‌مموز/ یۆلیۆی 2022)ـدا هاتووه‌، شه‌وی رابردوو له‌ رووداوێكی هاتووچۆی رێگای خێرای نێوان هه‌ردوو پارێزگای (به‌غدا – بابل)، 12 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و 5 كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون.

روونیكرده‌وه‌، رووداوه‌كه‌ به‌هۆی سوڕانه‌وه‌ی هه‌ڵه‌، بێئاگایی و خێرا لێخوڕین له‌سه‌ر رێگای خێرای نزیك به‌نزینخانه‌ی (جنة الفرات) روویدا، به‌هۆیه‌وه‌ 12 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا.

پێشتریش عه‌مید زیاد ئه‌لقه‌یسی، به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كانی هاتووچۆی عێراق رایگه‌یاندبوو، قوربانیانی رووداوه‌كانی هاتووچۆ له‌ قوربانیانی تیرۆر پتره‌.

ئه‌لقه‌یسی روونیشیكردبووه‌وه‌، زیادبوونی رووداوه‌كانی هاتووچۆ بۆ چه‌ند هۆكارێك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، له‌وانه‌، پابه‌ند نه‌بوونی شۆفێری بارهه‌ڵگر به‌ رێنماییه‌كانی هاتووچۆ، پابه‌ند نه‌بوون به‌ خێرایی دیاریكراو و هه‌روه‌ها خراپی رێگاو بان