ئەمساڵ عێراق خاوەنی دووەم پاسپۆرتی هەرە بێکەڵکی جیهانە

بە پێی نوێترین ڕیزبەندی جیهانیی بۆ پۆلێنکردنی پاسپۆرتەکانی جیهان بۆ ساڵی (٢٠٢٢)، پاسپۆرتی عێراقی لە دوای پاسپۆرتی ئەفغانی لە پلەی دووەم دێت بۆ خراپترین پاسپۆرتی جیهان.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی کۆمپانیای (Henley & Partners)ی سویسری کە ساڵانە بۆ هەڵسەنگاندنی پاسپۆرتەکانی وڵاتانی دنیا دەیکات، پاسپۆرتی هەردوو وڵاتی یابان و سەنگافوورە بە پلەی یەکەم دەستنیشان کران کە باشترین پاسپۆرتی جیهانن و پاسپۆرتی ئەڵمانی و کۆریای باشووریش پلەی دووەمی باشترین پاسپۆرتی جیهانیان وەرگرتووە.
هەڵگرانی پاسپۆرتی یابانی و ئەڵمانی کە باشترین پاسپۆرتی جیهانە دەتوانن بەبێ ڤیزە بۆ ١٩٣ وڵات گەشت بکەن و هەروەها هەڵگرانی پاسپۆرتی سەنگاپور و کۆریای باشووریش بۆ ١٩٢ وڵات .وە لە دوای ئەمانیش هاووڵاتیانی (دانیمارک و نەمسا و ئیتاڵیا و ئیسپانیا و هۆڵەندا) دەتوانن بەبێ ڤیزە گەشت بۆ ١٨٨ وڵاتی دنیا بکەن.
لە نێو وڵاتە عەرەبییەکانیشدا (ئیمارات‌و قه‌ته‌ر) بە خاوه‌نی باشترین پاسپۆرت دەستنیشان کران و عێراقیش لە دوای ئەفغانستان وەک خاوه‌نی دووەم خراپترین پاسپۆرت له‌ئاستی جیهان ده‌ستنیشان كراوە.
شارەزایان هۆکاری خراپی ئاستی پاسپۆرتی عێراقی دەگەڕێننەوە بۆ کێشە ئەمنی و سیاسییەکان کە کاریگەرییان هەیە بۆسەر دۆخی پاسپۆرتی عێراق لەناو پاسپۆرتەکانی جیهاندا.
هاوکات بەڕێوەبەرایەتی گشتی پاسپۆرتی عێراق رایگەیاند، “لە کۆتایی ئەمساڵدا، دەست دەکرێت کە بە ڕێکارەکانی دەرکردنی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی کە ئەم هەنگاوەش ئاستی هونەریی پاسپۆرتەکە بەرز دەکاتەوە و ڕێگری دەکات لە ساختەکردنی، ئەوەش وەرگرتنی ڤیزا لەلایەن عێراقییەکانەوە ئاسانتر دەکات.

ھەواڵی زیاتر