سبه‌ی په‌رله‌مانی عێراق بۆ تاوتوێی تۆپبارانه‌كه‌ی گوندی په‌ره‌خ كۆ ده‌بێته‌وه‌

سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق داوای له‌سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی عێراق كرد سبه‌ی شه‌موو له‌ دانیشتنێكی تایبه‌تی په‌رله‌مان ئاماده‌بن بۆ تاوتوێكردنی ڕووداوی تۆپبارانه‌كه‌ی ڕۆژی چوارشه‌می ڕابردووی گوندی په‌ره‌خ له‌ سنووری زاخۆ.

دوای كۆكردنه‌وه‌ی سه‌ت واژووی په‌رله‌مانتاران، محه‌مه‌د حه‌لبووسی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بڕیاری دا سبه‌ی شه‌موو دانیشتنێكی تایبه‌تی په‌رله‌مان ڕێك بخات بۆ تاوتوێكردنی تۆپبارانه‌كه‌ی ڕۆژی چوارشه‌می ڕابردووی گوندی په‌ره‌خ له‌ سنووری زاخۆ.

سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ دانیشتنه‌كه‌ی سبه‌ی په‌رله‌مانی عێراق به‌ ئاماده‌بوونی هه‌ریه‌ك له‌ وه‌زیرانی به‌رگری و ده‌ره‌وه‌ و سه‌رۆكی ئه‌ركانی سوپای عێراق به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

ئه‌و په‌رله‌مانانه‌ی كه‌ واژوویان بۆ ئه‌نجامدانی دانیشتنه‌كه‌ كردبوو، داوایان كردبوو ڕێوشوێنی توندی دبلۆماسی دژی باڵیۆزی توركیا و حكوومه‌تی ئه‌و وڵاته‌ بگیرێته‌به‌ر وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك به‌رامبه‌ر تۆپبارانه‌كه‌ی گوندی په‌ره‌خ.

ڕۆژی چوارشه‌می ڕابردوو شوێنێكی گه‌شتیاری له‌ گوندی په‌ره‌خ له‌ سنووری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ بۆردومان كرا و به‌هۆیه‌وه‌ 9 گه‌شتیار كوژران و 23ی تریش بریندار بوون، قوربانییه‌كان كه‌ ئافره‌ت و منداڵیشیان تێدابوو، گه‌شتیاری عه‌ره‌ب بوون و‌ بۆ مه‌به‌ستی گه‌شتیاری ڕوویان له‌و شوێنه گه‌شتیارییه‌‌ كردبوو.

ئه‌حمه‌د سه‌حاف گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌ چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌فزیۆنیدا ڕایگه‌یاندبوو: ڕه‌تكردنه‌وه‌ی هێرشه‌كه‌ له‌لایه‌ن توركیاوه‌ وه‌ك نوكته‌یه‌ك وایه‌ و بگره‌ هه‌موو ئاماژه‌كان ئه‌وه‌ پشتڕاست ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ سوپای توركیا هێرشه‌كه‌ی ئه‌نجامدابێت.

ڕاشیگه‌یاندبوو: ڕه‌نگه‌ عێراق وه‌ك به‌رپه‌رچدانه‌وه‌یه‌ك به‌رامبه‌ر ئه‌و ڕووداوه خوێنڕێژییه‌‌، په‌نا بباته‌ به‌ر كارتی فشاری ئابووری دژی توركیا.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ دوێنێ پێنجشه‌م وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق بانگهێشتی عه‌لی ڕه‌زا كۆنای باڵیۆزی توركیا له‌ شاری به‌غدا كردبوو و یاداشتێكی ناڕه‌زایی توندی ڕاده‌ستی كردبوو كه‌ تێیدا به‌ توندی ئیدانه‌ی تاوانه‌ قێزه‌وه‌نه‌كه‌ی كردبوو‌.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌ یاداشته‌كه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه‌دابوو كه‌ چیتر ناتوانن له‌ هێرشه‌ به‌رده‌وامه‌كانی سوپای توركیا بۆ سه‌ر خاك و سه‌روه‌ری عێراقی بێده‌نگ بن كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ڕۆژانه‌ هاووڵاتییانی سڤیل له‌ ناو سه‌نته‌ری شاره‌كان ده‌كرێنه‌ ئامانج.

جه‌ختیشی كردبووه‌وه‌‌ كه‌ ده‌بێت توركیا به‌هۆی ئه‌م ڕووداوه‌ به‌ فه‌رمی داوای لێبوردن بكات و هه‌روه‌ها قه‌ره‌بووی خانه‌واده‌ی سه‌رجه‌م شه‌هید و برینداره‌كان بكاته‌وه‌.