له‌ به‌رده‌م باڵیۆزخانه‌ی توركیا خۆپیشاندانه‌ 

له‌سه‌ر داوای ژماره‌یه‌ك رێكخراو و لایه‌نی سیاسی، ئه‌مڕۆ سه‌دان هاووڵاتی به‌ مه‌به‌ستی خۆپیشاندان چوونه‌ته‌ به‌رده‌م باڵیۆزخانه‌ی توركیا له‌ شاری به‌غدا.

شه‌وی رابردوو، گرووپ و چالاكوانه‌كان له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بانگه‌وازیان بۆ خۆپیشاندانی فراوان له‌ دژی توركیا كرد.

ئاژانسی هه‌واڵی فه‌رمی عێراق، بڵاویكرده‌وه‌، خۆپیشاندان له‌به‌رده‌م باڵیۆزخانه‌كه‌ ده‌ستیپێكردووه‌.

ئه‌م خۆپیشاندانه‌ دوای ئه‌وه‌ دێت، دوێنێ له‌ سه‌یرانگه‌ی په‌رەخ-ی سنووری ناحیه‌ی ده‌ركاری سه‌ر به‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ، 9 هاووڵاتی گیانیان له‌ده‌ستدا و 26ی دیكه‌ بریندار بوون، له‌ ئاكامی تۆپبارانی سوپای توركیا.

توركیا ره‌تیكردووه‌ته‌وه‌ تۆپبارانی ناوچه‌كه‌ی كردبێت و رایگه‌یاند، ئه‌وه‌ی روویداوه‌ له‌ لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه‌ كراوه‌.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، باڵیۆزخانه‌ی توركیا له‌ شاری به‌غدا، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ رایگه‌یاند، پارتی كرێكارانی كوردستان(PKK) به‌رپرسه‌ له‌ هێرشه‌كه‌ی دوێنێی زاخۆ و وه‌ك هاوسۆزی بۆ قوربانیانی هێرشه‌كه‌ ئاڵای وڵاته‌كه‌مان داده‌گرین.

باڵیۆزخانه‌ی توركیا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر، وێنه‌یه‌كی ئاڵای وڵاته‌كه‌ی له‌سه‌ر باڵیۆزخانه‌كه‌ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ تا نیوه‌ داگیراوه‌.