پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

سبه‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و سه‌رۆكی فڕاكسیۆنه‌كانی عێراق بۆ سێ بابه‌ت كۆ ده‌بنه‌وه‌‌

بڕیاره‌ سبه‌ی دووشه‌م سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی سه‌رجه‌م فڕاكسیۆنه‌كان كۆببێته‌وه‌ و به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانیش له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سێ بابه‌تی گرینگ تاوتوێ ده‌كرێن.

دوێنێ شه‌موو سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق داوای له‌ سه‌رۆكی سه‌رجه‌م سه‌رۆكی فڕاكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق كرد سبه‌ی دووشه‌م كاتژمێر 11 له‌ باڵه‌خانه‌ی په‌رله‌مان ئاماده‌بن بۆ ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌یه‌ك.

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی (كوردستان تیڤی) له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی نێوان سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و سه‌رۆكی فڕاكسیۆنه‌كان سێ بابه‌تی گرینگ تاوتوێ ده‌كرێن.

بابه‌تی یه‌كه‌می كۆبوونه‌وه‌كه‌ بریتی ده‌بێت له‌ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر یه‌كلاكردنه‌وه‌ی بابه‌تی لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی په‌رله‌مان كه‌ دوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی به‌كۆمه‌ڵی ئه‌ندامانی فڕاكسیۆنی سه‌در گۆڕانكاری به‌سه‌ر لیژنه‌كانیش هات.

بابه‌تی دووه‌م بریتی ده‌بێت له‌ تاوتوێكردنی بابه‌تی پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق و كه‌ پێشتر داوا له‌ كورد كرابوو له‌سه‌ر كاندیدێك ڕێك بكه‌ون، به‌ڵام تا ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌سه‌ر یه‌ك به‌ربژێر نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ ڕێككه‌وتنی كۆتایی.

سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر دیاریكردنی كاندیدێك و هه‌روه‌ها ساتی پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق ده‌كه‌ن.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ڕۆژی هه‌ینی ڕابردوو لایه‌نگرانی ڕه‌وتی سه‌در به‌ ئاماده‌بوونی موقته‌دا سه‌در ڕێبه‌ری ڕه‌وته‌كه‌یان له‌ به‌غدای پایته‌خت گردبوونه‌وه‌یه‌كی دوو ملیۆنیان ئه‌نجام دا و داوایان كرد په‌له‌ بكرێت له‌ پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق، چونكه‌ چیتر شه‌قام به‌رگه‌ری ئه‌و بۆشاییه‌ سیاسیه‌ی عێراق تێی كه‌وتووه‌ ناگرێت.

موقته‌دا سه‌در جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ڕازی نابن كه‌سانی تاقیكراوه‌ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتووی عێراق وه‌ربگرن