عێراق.. هەر فەرمانبەرێک ڤاکسینى وەرنەگرتبێت بە ئامادەنەبوو هەژمار دەکرێت 

بەگوێرەى بڕیارێکى لیژنەى باڵاى تەندروستى و سەلامەتیی عێراق، هەر فەرمانبەرێکى فەرمانگە قەرەباڵخەکان ڤاکسینى کۆرۆناى وەرنەگرتبێت، بە نەهاتووى بێمووچە هەژمار دەکرێت. ئەندامێکى لیژنەى تەندروستیى پەرلەمانى عێراق ئاماژە بەوەدەکات، کە ئەو رێوشوێنە بەهۆى بەرزبوونەوەى ژمارەى تووشبووانى بەو پەتایەیە، کە ئەگەر هەیە بەهۆیەوە دەوامى فەرمانبەران بکرێتەوە بە نیوە.

حەیدەر مەجید، گوتەبێژى ئەمیندارێتیى گشتیى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بە میدیاى فەرمى عێراقى راگەیاندووە: بەگوێرەى رێوشوێنێکى لیژنەى باڵاى تەندروستى و سەلامەتى، هەر فەمانبەرێک لەو فەرمانگانەى کە ژمارەى سەردانکاریان زۆرە، بەپشت بەستن بە پشکنینى کۆرۆنا نەیسەلمێنێت کە تووشبووى ئەو پەتایە نییە یان ڤاکسینى وەرنەگرتبێت، بە ئامادەنەبووی بێمووچە هەژمار دەکرێت.

ئەو رێوشوێنە پشتى بەستووە بە بڕیارى ژمارە 16ى لیژنەى باڵاى تەندروستى و سەلامەتیى عێراق کە لە ساڵى 2021 دەریکردووە. 

ماجید شنگالى، ئەندامى لیژنەى تەندروستى و ژینگەى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند: ئەو رێکارە بۆ رێگرییە لە بڵاوبوونەوەى زیاترى پەتاى کۆرۆنا کە بەمدواییە تووشبووانى زیادبوون، بەشێوەیەک لە هەر 100 کەسێک کە پشکنینى کۆرۆنا دەکەن، 25 بۆ 30 کەسیان تووشبووى پەتاکەن. گوتیشى: “وەزارەتەکان دەبێت پەیوەست بن بە جێبەجێکردنى ئەو بڕیارەوە”.

ماجید شنگالى رێوشوێنەکەى بە “ناچارى” باسکرد بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەى کۆرۆنا و ئاماژەى بەوەدا ئەگەر دۆخەکە بەمشێوەیە بێت ئەگەر هەیە فەرمانگەکان دەوامى فەرمانبەرەکانیان بکەن بە نیوە یان 25%ى تێکڕاى ژمارەى فەرمانبەرانى.

3ى تەممووزى 2022، وەزارەتى تەندروستیى عێراق 2364 تووشبووى نوێی پەتاى کۆرۆناى راگەیاند، بەوە تێکڕاى ژمارەى ئەو کەسانەى لە ساڵى 2020 ەوە تووشی کۆرۆنا بوون لە عێراق، گەیشتوونەتە دوو ملیۆن و 356 هەزار و 264 کەس.

وەزارەتى تەندروستى ئاشکرایکردووە، کە ژمارەى ئەو کەسانەى ڤاکسینى کۆرۆنایان وەرگرتووە، گەیشتوونەتە 10 ملیۆن و 870 هەزار و 832 کەس، ئەوە لەکاتێکدایە تائێستا 25 هەزار و 243 کەس بەهۆى کۆرۆناوە لە عێراق گیانیان لەدەستداوە.

ھەواڵی زیاتر