شاخەوان عەبدوڵڵا داوای دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ شەھیدانی شەڕی داعش دەکات 

جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ شەھیدانی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان دەکات و بە نووسراوێکی فەرمیی داوای لە لیژنەی دارایی کردووە لەنێو پڕۆژەیاسای ئاسایشی خۆراکدا پارە بۆ دروستکردنی ئەو یەکانە تەرخان بکرێت.

بەپێی ڕاگەیاندراوی نووسینگەی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە وێنەیەکی گەیشتووەتە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، نووسراوێکی ئاراستەی لیژنەی داراییی پەرلەمانی عێراق کردووە و تێیدا داوای کردووە لەنێو پڕۆژەیاسای ئاسایشی خۆراکدا یەک ترلیۆن و ٥٠٠ ملیار دینار تەرخان بکرێت بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خێزانی شەھیدانی پێشمەرگە و سوپای عێراق و ئەوانەی لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا شەھید بوون.

بەگوێرەی نووسراوەکەی شاخەوان عەبدوڵڵا، بەو گوژمە پارەیەی تەرخان دەکرێت دوو ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دروست بکرێن، بە ھەرێمی کوردستانیشەوە، بۆ نیشتەجێبوونی خێزانی شەھیدانی شەڕی تیرۆریستانی داعش.

ھەواڵی زیاتر