نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی دۆخی عێراق هۆشداری دەدات

دلۆڤان رەحیم – هه‌ولێر

ئەنجوومەنی ئاسایش، ڕاپۆرتی خۆی لەبارەی عێراقەوە پێشکەش کرد و بەشێکی تایبەت بوو بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان، ڕاپۆرتەکە کە تێیدا ئەرکی نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکانی تێدا درێژکرایەوە و دۆخی عێراق و پێشهاتە سیاسیەکانی تێدا باس کرا، هێنین پلاسخارت لە کۆبوونەوەکەدا لەبارەی پێکنەهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق ئەنجوومەنی ئاسایشی ئاگادار کردەوە لە گفتوگۆکان و هۆکاری پێکنەهێنانی حكوومەتی عێراق، بەتایبەت کە لایەنەکانی عێراق هێشتا ڕێکنەکەوتوون لەسەر پێکهێنانی حكوومەتی نوێ، بەشێکی شیعەکان دژایەتی ئەوە دەکەن هاوپەیمانێتییەکەی گەورەی پەرلەمان بە ١٨٠ کورسییەوە حكوومەت پێکبێنێت، هاوپەیمانی ڕزگارکردنی نیشتمان لە سێ لایەنی سەدر و سوننە و پارتی پێک دێت چەندین جار نیازی خۆی بۆ حكوومەتی نوێ و خزمەتکاری خەڵک پێشان داوە، بەڵام هەندێک لایەنی چوارچێوەی هەماهەنگی دژی ئەو هەنگاوەن و ڕێگرن لەبەردەم پێکهێنانی حكوومەت.

لە نێو پرسی دیکەدا کە لەوکۆبوونەوەیە تاوتوێ دەکرێت، هەنگاوی داهاتووی لایەنەکانە بۆ پێکهێنانی حكوومەتی عێراق، پاش ئەوەی ئەو ماوەیەش کە سەدر داینابوو بۆ لایەنەکانی دیکە کۆتایی پێهات و حكوومەتیان پێ پێک نەهات، لە نوێترین هەڵوێستیشدا سەدر ڕایگەیاند: “ئەو کارانە وا لە ڕەوتی سەدر ناکات ببنە هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و دەڵێت: “عێراق ناگەڕێنینەوە بۆ چوارگۆشەی پشکپشکێنە و گەندەڵی .”
بەپێی زانیاریی هەندێک سەرچاوە لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گوتیرێز سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی داوە لە دۆخی عێراق ئەگەر حكوومەت پێک نەهێنرێت، چونکە دوای شەش مانگ ئاستەنگ لەلایەن هەندێک لایەنەوە دروست دەکرێت لەبارەی پێکهێنانی حكوومەتی عێراق .
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش لەبارەی ئاسایشی عێراق بوو، بەتایبەت ئەو هێرشە مووشەکییانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان کە کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و هەموو وڵاتانی جیهان سەرکۆنەیان کرد، مووشەکەکان کە لەلایەن گرووپی چەکداری دەرەوەی کۆنتڕۆڵی حكوومەتی عێراق دەکرێن هەرێمی کوردستانیان هەراسان کردووە و سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان داوای کردار دەکات بەرامبەریان، بەتایبەت کە ئەو گرووپانە تەنیا ئامانجیان زیان گەیاندنە بە ژێرخان و ئابووری هەرێمی کوردستان، هەروەها بۆردوومانی سنوورەکان لەلایەن ئێران و تورکیاش یەکێکە لەو پرسانەی باس کرا، دوایینیان تۆپبارانی ١١ـی ئەو مانگە بوو لەلایەن ئێرانەوە بۆ سنووری سیدەکان، بە هەمان شێوە دۆخی شنگالیش لە سەرەتای ئەو مانگەوە جێگەی هەڵوەستەی وڵاتانە، شنگال ناوچەیەکی ستراتیژیە و دروستکردنی کێشە لەلایەن پەکەکەوە بۆ ئەو شارە وڵاتان و حكوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانیشی نیگەران کردووە، یەبەشە گرووپی چەکداری نزیکی پەکەکە و بەهاوکاری هەندێک گرووپی حەشدی شەعبی ڕێگە نادەن دەسەڵاتی ئیداری لەو شارە دەستبەکار بێت و شارەکە ئاوەدان بێتەوە، ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش داوا دەکەن ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت کە لە ئۆکتۆبەری 2020 لە نێوان هەولێر و بەغدا جێبەجێ کرا، بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە ئاوارەکان بە خزمەتگوزاری و ئاسایشەوە پێویستە بگەڕێنەوە و کارگێڕییەکی گونجاو و باش بۆ شنگال دابنێت.
پەیوەندی هەولێر و بەغدا و ئەو کێشانەی چارەسەر نەکراون، بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەی یونامی پێک دێنێت، پاش ئەو بڕیارانەی دران لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراق بەرامبەر هەرێمی کوردستان کە هەرێمی کوردستان بە نا دەستووریان دەزانێ . پرسێکی دیکە، کە لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێ کرا دۆخی ژینگە و کەش و هەوای عێراقە، خۆڵبارین تەنگی بە خەڵك هەڵچنیوە و وشکەساڵی تووندیش لە عێراق هەیە و سەرچاوەکانی ئاوی عێراق خەریکە بە تەواوی وشک دەبن، بە گوێرەی ڕاپۆرتی کەش و هەوای جیهانی کە لەلایەن ئاژانسی کەش و هەوای نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادە دەکرێت عێراق پێنجەمین وڵاتە لە جیهاندا کە پڕ زەرەرمەندترینی گۆڕانی کەش و هەوایە، لەنێو کەشی توندی سیاسیدا، لەگەڵ دۆخی خراپی ئاسایشی هەندێک ناوچە و هەڕەشەی داعش، نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش داوای لێکنزیکبوونەوەی زیاتری لایەنەکانی عێراق دەکەن لە پێناو بەرژەوەندیی خەڵك و ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە.

ھەواڵی زیاتر