حکوومەتی عێراق هیچ پلانێکی بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی گۆڕانکاری کەشوهەوا نییە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

عێراق یەکێک لەو وڵاتانەی جیهانە کە بە گوێرەی ڕاپۆرتی کۆنفرانسی جیهانیی کەشوهەوا زۆرترین زیانی لە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بەر دەکەوێت و کەمکردنەوەی ئەو زیانانە پێویستی بە سیاسەتی ژیرانە و گرتنەبەری پلان و بەرنامەی تۆکمە لە لایەن حکوومەتی عێراق هەیە، بەڵام هیچ پلانێکی بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی گۆڕانکاریی کەشوهەوا نییە و نەیتوانیوە وڵاتانی دراوسێش ناچار بکات چیتر ڕێڕەوی ئاوی ڕووبارەکان نەگۆڕن

یەکێک لە گەورەترین مەترسییەکان کە وڵاتانی پێشکەوتووی جیهانی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوایە کە ساڵ بە ساڵ مەترسییەکان و کاریگەرییەکانی زیاتر لەسەر وڵاتانی جیهان بەدیار دەکەوێت. دەبوایە گەورەترین خەم و بنەڕەتترین بەرنامەی ستراتیجی حکوومەتی عێراق، کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی کەشوهەوا لەسەر خۆی بوایە بەڵام وەک ئەوەی لە گوێی گادا نوستبێت و هیچ شتێک ڕووی نەدابێت هەر خەریکی ململانێی سیاسی بێکەڵکە.
ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی کە ماوەیەکە زۆربەی پارێزگاکانی عێراقی گرتۆتەوە، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کاریگەرییەکان زۆر لەوە خێراترن تەنانەت لە کۆنفرانسی جیهانیی گلاسکۆ پێشبینی کرابوون.
ساڵی ٢٠٢١ لە میانەی کۆنفرانسی جیهانیی کەشوهەوا کە لە گلاسکۆ بەڕێوە چوو، عێراق بە یەکێک لەو پێنج وڵاتەی جیهان هەژمار کرا کە زۆرترین زیانی لە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوای بەر دەکەوێت، لەو کاتەوە حکوومەتی عێراق هیچ پلان و بەرنامەیەکی نەبووە تا کەمێک لەو زیانە کەم بکاتەوە.
چاوەڕێ دەکرێت دیاردەی بەبیابانبوون لە عێراق پەرە بستێنێت و لە داهاتوودا ڕووبەرێکی فراوان لە خاکی عێراق شیاوی ژیان نەبێت. لە لایەک تورکیا بە دروستکردنی کۆمەڵەک بەنداو ئاوی دیجلە و فوراتی دابەزاندووە و لە لایەکی تر ئێران ڕێڕەوی ئەو ڕووبارانەی گۆڕیوە کە دەڕژێنە عێراق. لە ناوخۆش نە بەنداوێکی گەورە دروست کراوە و نە پلانێکی ستراتیجی بواری ژینگە جێبەجێ کراوە، حەوت مانگە لە عێراق هەڵبژاردن کراوە کەچی نەتوانراوە حکوومەت پێک بهێنرێت و ململانێ و ناکۆکییە سیاسییەکان باڵیان بەسەر هەموو شتێکدا کێشاوە.
رەشید حەمدانی وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق سەرەتای ئەم هەفتەیە ڕای گەیاند لەم دواییانەدا لەگەڵ تورکیا هاوکارییەکانیان لە بواری پشکی عێراق لە ئاو و دابەشکردنی زیانەکان بە جۆرێک لێکتێگەیشتن گەیشتوون بەڵام ئێران بە هیچ شێوەیەک هاوکاری عێراقی نەکردووە و تەنانەت ئاراستەی بەنداوەکانیشی گۆڕیوە و بووەتە هۆی ئەوەی بەشێک لە شارەکانی عێراق دەستیان بە ئاوی خواردنەوە و ئاوی کشتوکاڵ ڕانەگات.
ئەو دەڵێت ئێران بیانووی جیاواز دەهێنێتەوە و ئامادەی هاوکاری نەبووە، بۆ نموونە مەرجی ئەوەی داناوە حکوومەتی عێراق ڕەزامەندی دەرببڕێت ڕێککەوتننامەی ساڵی ١٩٧٥ی جەزایر جێبەجێ بکرێت. لەو ڕێککەوتننامەیە کۆمەڵێک پرۆتۆکۆڵی پێوەندیدار بە ئاو و ڕەهەندە سیاسییەکانی ئاو جێگیر کراون کە بەشێکیان پێویستی بە بڕیاری حکوومەتی عێراق هەیە.
وەک ئاشکرایە لە ساڵی ١٩٧٥ شای ئێران و ڕژێمی ئەوکاتی بەعس بە میانجیگەری وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی جەزایر و ئەمەریکا ڕێککەوتننامەیەکیان مۆر کرد کە بە تەواوی سیاسی بوو و ڕێککەوتننامەکە لەسەر بنەمای ڕووبەرووبوونەوە و لەناوبردنی شۆڕشی کورد واژۆ کرا و نسکۆی شۆڕشی ئەیلوولی لێ کەوتەوە و کۆمەڵێک دەستکەوتی بۆ ڕژێمی شای ئێران هەبوو و چەند مەرجێکی بەسەر عێراقدا سەپاند.
وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق گوتوویەتی لە میانی سەردانی مستەفا کازمی بۆ تاران بە ئێرانییەکانیانی گوتبوو ئەوەی ئێستا ئێران دەیکات هیچ پێوەندییەکی بە ڕێککەوتننامەی جەزایر نییە و ڕێرەوی ڕووبارەکانی گۆڕیوە و ئەمەش بە پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان هەژمار دەکرێت، ڕێککەوتننامەی جەزایر هەر شتێک بێ ئەوا ئێران بۆی نییە ڕێڕەوی ڕووبارەکان بۆ ناوخۆ بگۆڕێت.
جێی باسە حکوومەتی عێراق داوای لە حکوومەتی ئێران کردووە ڕێڕەوی ڕووبارەکان وەک خۆی لێ بکاتەوە، بەڵام ئێران نەک ئەم داواکارییەی جێبەجێ نەکردووە تەنانەت هیچ زانیارییەکی لەسەر ئەو پڕۆژانە نەداوەتە عێراق کە جێبەجێی کردوون.
لە لایەکی ترەوە حکوومەتی عێراق هیچ وەبەرهێنانێکی لەو سەرچاوە ئاویانە نەکردووە کە لە هەرێمی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرن. لە ماوەی نزیکەی سێ دەیەی ڕابردوودا حکوومەتی عێراق دەیتوانی چەند بەنداوێکی ستراتیجی لە کوردستان جێبەجێ بکات، بەڵام ئەوەشی نەکردووە و ئەوەندە ڕۆچووەتە ناکۆکییە سیاسییەکان کە بەرژەوەندییەکانی خۆیشی لەبیر چۆتەوە.

ھەواڵی زیاتر