کڕینوفرۆشی بەنگەمەنی لە عێراقدا بووەتە مەترسییەکی گەورە

ئا: محەمەد لادێ – هه‌ولێر

بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان(بەنگەمەنی) لە عێراق گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار و زۆرینەی پارێزگاکانی گرتووەتەوە.بەپێی زانیارییەکانی دەزگاکانی ئاساییشلەم ساڵانەی دواییدا ڕێژەکە ٪٥٠ زیادی کردووە و لەو ڕێژەیەش ٪١٠ی گەنجن و کارمەندانی ئاسایشیش ١/٣ ی ڕێژەکە پێک دەهێنن.

ساڵانە دەست بەسەر چەندین جۆری جیاوازیبەنگەمەنیدا دەگیرێت؛ باوترینیان جۆری کریستاڵە کە زۆرترین کڕیاری هەیە و لە ئەفغانستان بەرهەمدەهێنرێت و لە رێگەی ئێرانەوە دەگەیەنرێتە عێراق.
بەڕێوەبەری گشتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە عێراق،ئاماژەی بەوە کرد کە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا چەندین جۆری جیاوازی ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە وزۆرترین بڕی ماددەیدەستبەسەرداگیراویش بریتین لە ماددەی کریستاڵ؛ کە زیاتر لە ١٢٠ کیلۆگرام دەستی بەسەرداگیراوە. ماددەی هۆشبەری دووەمیش حەشیشە، کە دەستبەسەر زیاتر لە ٢٧٠ کیلۆگرامیدا گیرا، هەروەها کارلێکەرەکانی مێشکیش دەست بەسەر زیاتر لە ١.٥ ملیۆن حەبدا گیراوە.
جۆرێکی دیکەی ماددە هۆشبەرەکان حەبی کیبتاگۆنە کە بەشێکی زۆری لە سووریاوە بە قاچاخ دەهێندرێتە عێراق.
تاوەکو ساڵی ٢٠٠٣ش عێراق تەنیا ڕێڕەوێک بوو بۆ بەقاچاخ بردنی ماددە هۆشبەرەکان لە چەند ووڵاتێکی دراوسێیەوە بەرەو کەندا، کەچی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە عێراق دەڵێ؛ ئێستا عێراق هەم ڕێڕەوە؛ هەمیش بازاڕە بۆ فرۆشتنی ماددە هۆشبەرەکان.

بەپێی زانیارییەکانی دەزگاکانی ئاساییش لە ساڵی ٢٠٢١دا ١٣ھەزار بازرگان و بەکارھێنەری ماددە ھۆشبەرەکان دەستگیرکراون. لە ماوەی چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵیشدا ٤٢٨٠ بازرگان و بەکارھێنەری ماددە ھۆشبەرەکان لە هەڵمەتی هێزەکانی ئاساییشدا دەستگیر کراون و رووبەڕووی دادگا کراونەتەوە.
هەرچەندە یاسا سزای توندی داناوە بۆ بەکارهێنەر و بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان؛ بەڵام لەهەمانکاتدا ئامارە فەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زۆرینەی بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان گەنجانن کە بەهۆی بێکارییەوە ئالوودەی ئەم ماددانە دەبن.
بەپێی یاسا، بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و بەکارهێنەرانی ماددە ھۆشبەرەکان سزا دەدرێن بە زیندانیکردن کە لە ساڵێک کەمتر نەبێت و لە سێ ساڵیش زیاتر نەبێت، پێبژاردنیش لە نێوان پێنج ملیۆن دینار تا ١٠ ملیۆن دینارە، بۆ بازرگانانیش سزاکە بەم شێوەیەیە: زیندانیکردنی کاتی یان تاھەتایی و پێبژاردن کە لە نێوان ١٠ملیۆن دینارتا ٣٠ ملیۆن دینارە.
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی دەزگا پەیوەندیدارەکان، پارێزگاکانی میسان و بەسرە ئەو دوو پارێزگایەنکە سەرچاوەی بڵاو بوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانن لە عێراق چونکە زۆرترین ماددەی هۆشبەر لە پارێزگایانەوە دزە دەکاتە ناو خاکی عێراق. هەروەها پارێزگاکانی نەجەف و کەربەلا زۆرترین بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکانیان تێدایە و هۆکاری بڵاو بوونەوەشی بەو شێوە فراوانەی ئێستا ئەوەیە کە ژمارەیەکی زۆر لە ئەفسەر و پلەدارانی ناو هێزەکانی ئاسایش لە پرۆسەکەدا بەژدارن و ژمارەیەکی باشیان لێ دەستگیرکراوەو سزا دراون.

ھەواڵی زیاتر