هاتووچۆی عێڕاق له‌ باره‌ی هاورده‌كردنی ئۆتۆمبێله‌وه ڕوونکردنەوە دەدات

بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆی عێراق رایگەیاند، بڕیاری هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل تەنها ئەو ئۆتۆمبێلانە دەگرێتەوە کە مۆدێلیان دوو ساڵ تێپەڕیووە بەسەر دروستکردنیاندا وەک هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێل 2020 لە ساڵی 2022دا. دەشڵێت، “بڕیارەکە جێگیر کراوە و یەکلایی بووەتەوە”. 

ئەمڕۆ هەینی 15ی نیسان، محەمەد زەیدی، بەڕێوەبەری بەشی راگەیاندنی هاتووچۆی عێڕاق بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی راگەیاند، بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە هاوردەکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی مۆدێلی دروستکردنیان تەنیا دوو ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە جێگیر کراوە. 

دەشڵێت، لە ساڵی 2022 دا تەنها رێگە دەدرێت ئەو ئۆتۆمبێلانە هاوردە بکرێن کە مۆدێلی 2020ن و نابێت لەوە کەمتربێت. هەربۆیە هەر ئۆتۆمبێلێک مۆدێلەکەی لە 2020 کەمتربێت ئەوا رێگەی پێنادرێت بێتەناو وڵاتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، محەمەد عەبدولکەریم، بەڕێوەبەری فەرمانگەی یاسایی سەربە بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراقی راگەیاند: پێشنیازیان کردووە بڕیاری 215 سەبارەت بە مراندنی ئۆتۆمبێلێک بەرامبەر تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلێکی نوێ چالاک بکرێتەوە.

دەشڵێت، بڕیاری 68ی ساڵی 2016 هاوڵاتییان سەر پشک دەکات لەوەی ئۆتۆمبێلەکەی بمرێنێت یان ژمارەیەکی دیکە بکرێت، بۆ ئەمەش نرخی یەک مەکینە “سلندەر” 500 هەزار دینار دەبێت.

ھەواڵی زیاتر